٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاندیدانی پارتی: هەوڵی گەڕاندنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان دەدەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  كاندیدانی پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەڵێن، "خیانەت لە گەلەكەی خۆمان ناكەین و كارنامەی لیستی پارتی بە تەواوەتی جێبەجێ دەكەین، ئەو شتانەی كە پێویستە لە بەغدا بكرێن گرنگترین شت بۆ ئێمە وەكو گەلی كورد ئەوەیە مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد كە زەوت كراون وەربگرینەوە."

 

د. كاوە شێروانی، كاندیدی ژمارە 22ی لیستی 184ی پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "كارنامەی لیستی پارتی بە تەواوەتی جێبەجێ دەكەین، لەگەڵ ئەو بەرنامەی كە خۆمان داناوە، كە لەگەڵ بەرنامەی لیستی 184 یەك دەگرێتەوە، ئەو شتانەی كە پێویستە لە بەغدا بكرێن گرنگترین شت بۆ ئێمە وەكو گەلی كورد ئەوەیە مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد كە زەوت كراون، وەربگرینەوە."

 

شێروانی گوتیشی: "پەرلەمانی عێراق جیایە لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان، پێویستی بە كەسانێكە كە شارەزا بن و پسپۆڕییان هەبێت لە لیژنەكان و كار بكەن، پەیوەندییەكی فراوانیان هەبێت، هەروەها دەبێت كەسێكی پاك و كوردپەروەر بێت، خیانەت لە كورد نەكات، هەروەها زۆر گرنگە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێتەوە ناوچە كوردستانییەكان، ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت، بۆیە داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم دەنگ بە لیستی ژمارە 184 بدەن، لەبەر ئەوەی زامنی مافەكانی ئەوانە و بەرگری لە مافی ئەوان دەكات و خیانەت لە گەل و خاكەكەیان ناكەن، وەكو هەندێك كەس كە كردیان."

 

لە لایەكی دیكەوە، ئاورنگ شێخ عەلی بەرزنجی، كاندیدی ژمارە 27ی لیستی ١٨٤ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "وەكو یاساناسێك تەئكید لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەمەوە، كە لە لایەن كۆمەڵێك عەرەبی شۆڤێنییەوە ڕێگە نادەن دەستوور جێبەجێ بكرێت، هەروەها تەئكید لە جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەكەم، لەگەڵ خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان بەردەوام لەسەر خەت دەبم و چی باش بێت بۆ خەڵكی خۆمان لەو ناوچانە دەكەین، بەتایبەتی سەرژمێریكردنی ناوچەكە و گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان."

 

ئاورنگ شێخ عەلی بەرزنجی ئاماژەی بەوەش كرد: "پەرلەمان پێویستی بە كەسانی پسپۆڕ و لێهاتوو هەیە، بەڵام بۆ ئێمەی كورد ئێستا پێویستمان بە كەسانی یاساناس هەیە، لەبەر ئەوەی هەر كار و پرۆژەیەك پاڵپشتیی یاسای لەگەڵدا بێت ئەو پرۆژەیە زیاتر جێبەجێ دەكرێت و دەتوانین بە مافەكانمان بگەین و ئەو كاتە كەسیش ناتوانێت بە ئاسانی مافەكانمان لێ بسەنێتەوە، هەتا ئەگەر بدرێتە دادگای ئیتحادی، مادام پاڵپشتییەكی یاساییمان هەیە، ئەو شەڕەی ئەمجارە لەسەر بوودجە كرا  ئەگەر لە سەرەتاوە لەسەر یاسا ئەو شەڕە كرابایە و ببایەتە یاسا و بە دەستوور و یاسا جێبەجێ كرابایە، پێویستمان بەو شەڕە نەدەبوو لەسەر بوودجە، بۆیە هەوڵ دەدەین هەموو شتێك بە یاسا بكرێت".

 

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار