کاندیدێکی پارتی: لە ڕێگەی دادگاوە داوای قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری پرۆسەکانی ئەنفال دەکەین
__2018_04_18_h16m37s9__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- بە گوێرەی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، پێویستە حکوومەتی بەغدا قەرەبووی ھەموو ئەو زیانانە بکاتەوە کە بە ھۆی شاڵاوەکانی ئەنفال و جینۆسایدەوە بەسەر گەلی کوردی ھێناون و کاندیدێکی پارتیش دەڵێ، لە ڕێگەی دادگای مەدەنییەوە سکاڵا تۆمار دەکەین.
ھەدار زوبێر بارزانی، کاندیدی ژمارەی ٢٠ی لیستی ١٨٤ی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یازدە ساڵ بەر لە ئێستا خۆم وەک پارێزەر لە دادگا بووم و دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاری لەسەر تاوانی ئەنفال دەرکرد، دواتر گەیشتینە پێنج بڕیار لە ھەرێمی کوردستان کە بڕیارەکان ھەمووی بەجینۆساید تۆمار کران، لەوانە کەیسی کیمیابارانی ھەڵەبجە، کەیسی بارزانییەکان و کوردی فەیلی و کەیسی ئەنفال و ڕاپەڕینی ١٩٩١، دادگا جگە لەوەی بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی دا."
کاندیدی ژمارەی ٢٠ی لیستی ١٨٤ی پارتی ڕوونی کردەوە: "دادگا بڕیاری ھێنانەوەی ڕوفاتی شەھیدانیشی دەرکردووە، ھەر بە گوێرەی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق پێویستە لە ڕێگەی دادگەی مەدەنییەوە قەرەبووی ھەموو زیانلێکەوتوانی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و کارەساتەکانی دیکە بکرێتەوە."
ھەدار بارزانی گوتی: "پێویستە کەسوکاری قوربانیان لە ڕێگەی دادگای مەدەنییەوە سکاڵا تۆمار بکەن تا بە گوێرەی یاسا قەرەبوو بکرێنەوە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە، من چونکە پێشتر وەک پارێزەری خۆبەش لە بەغدا بەرگریم لە ھەموو قوربانیانی ئەو تاوانانە کردووە، ئەگەر متمانەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بەدەست بێنم، ئەوە بێگومان کار بۆ ئەوە دەکەم لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی جینۆساید لە ڕێگەی یاساوە مافەکانیان وەربگرینەوە، ھەموو ھەوڵێک دەخەینە گەڕ وەک نوێنەری داھاتووی کوردستان، تا ھەموو زیانلێکەوتوویەکی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکرێنەوە."
قائید میرۆ




