٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کریستیانەکان ناڕازین لە ژمارەی کورسی کۆتا و بەغەدری دەزانن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  حەوت ھاوپەیمانی و قەوارەی کریستیانەکان لە ڕێگەی ٧٠ کاندیدەوە کێبڕکێ لەسەر پێنج کورسیی کۆتای کریستیانەکان دەکەن و نوێنەرێکی کریستیانەکانیش دەڵێ، پێنج کورسی بۆ پێکھاتەی کریستیان کەمە و مافی ئێمە زۆر لەوە زیاترە.

 

وەحیدە یاقوو، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی عێراقدا پێنج کورسیی کۆتا بۆ پێکھاتەی کریستیان دیاری کراون، کە بۆ ھەر یەک لە پارێزگای ھەولێر و دھۆک و سلێمانی یەک نوێنەری کۆتا و دوو کۆتاش بۆ دەشتی نەینەوا و کەرکووک دانراون، ئەمەش غەدرێکی دیکەیە بەغدا لە کریستیانەکانی عێراق و کوردستانی دەکات، چونکە دیاریکردنی پێنج نوێنەر بە گوێرەی ڕێژەی پێکھاتەی کریستیانەکان نییە، چونکە لە ھەرێمی کوردستان شەش نوێنەر دیاری کراون بۆ پەرلەمان بۆ کۆتای کریستیانەکان، ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان ١١١ پەرلەمانتارە."

 

نوێنەرەکەی کریستیانەکان ڕوونی کردەوە: "پێشتر ھەوڵێکی زۆر درا بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە ژمارەی کۆتای کریستیانەکان بۆ پەرلەمانی عێراق زیاد بکرێت، بەڵام لە لایەن ھێزە عێراقییەکانەوە ڕەت کرایەوە و قبووڵ نەکرا."

 

وەحیدە یاقوو گوتی: "ھەموو کوتلەکانی کریستیان کێبڕکێ لەسەر ئەو پێنج کورسییە دەکەن کە حەوت ھاوپەیمانی و قەوارە خۆیان تۆمار کردووە و لە ڕێگەی ٧٠ کاندیدەوە لە سەرتاسەری عێراق کریستیانەکان کێبڕکێ بۆ بەدەستھێنانی کورسیی کۆتای خۆیان دەکەن، بەڵام بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی کریستیان ئێمە پێنج کورسی بە ژمارەیەکی زۆر کەم دەزانین و پێمان وایە ڕێژەی ئێمە زۆر زیاترە."

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار