هەڵەبجەیی و هەورامییەكان: بههێزی پێگەی پارتی بەهێز بوونی كوردیشه.. بۆیه دهنگمان بۆ لیستهكهیهتی

هەڵەبجە-KDP.info- چالاكانی سیاسی و كۆمەڵی مەدەنی، هاووڵاتیانی هەڵەبجە و هەورامان، باوەڕیان وایە كە تەنیا پارتییە لە بەغدا دەتوانێت دڵسۆزانە داكۆكی لە مافەكانی كوردستانیان بكات و مێژوویش شایەتی ئەوەیە، بۆیە وەك خۆیان دەڵێن، پشتیوانی لە لیستی ژمارە 184ی پارتی دەكەن.
ڕۆژی 12/5/2018، هاووڵاتیان دەڕۆنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بۆ هەڵبژاردنەوەی پەرلەمانێكی نوێی عێراق دەدەن، كە لە ڕێگەی پەرلەمانیشەوە، حكوومەت و سەرۆككۆمارێكی نوێ بۆ عێراق دیاری دەكرێت.
یوونس نادر، بەرپرسی ناوچەی هەورامانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هاووڵاتیانی هەورامان بە گوڕوتینەوە دەنگ بە لیستی ژمارە (184)ـی پارتیمان دەدەن، كە هەمووان باوەڕمان وایە هەمیشە كاتێك پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهێز بووبێت، گەلی كوردستان لە ناوخۆ و لەسەر ئاستی جیهانیشدا پێگەكەی بەهێز بووە و پێچەوانەكەیشی ڕاستە، هەركات پارتی بە پیلانی ناوخۆیی و دەرەكی بە شێوەیەك لە شێوەكان بۆ ماوەیەكی كاتییش بووبێت بەرەو لاوازی ڕۆییشتبێت، دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان پاشەكشێی كردووە، تەنانەت بە پارچەكانی تری كوردستانەوە، كە دەبینین خیانەتی شوومی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوویش، چ كارەساتێكی لێ كەوتەوە".
نادر ئاماژەیشی دا: "چەندی پێگەی پارتی لە عێراق لەم هەڵبژاردنەدا بەهێزتر بێت، ئەوەندە زیاتر مافەكانی كورد دەستەبەر دەبن، كە ئێستا ئەقڵییەتێكی شۆڤێنی حكومڕانیی عێراق دەكات، بۆیە كوردیش پێویستی بە پارێزەری دەستكەوتەكانی هەیە و، بە ڕای ئێمەیش ئەوە پارتییە پارێزگاری لە مافی هەمووان دەكات".
هاوكات چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی پێیان وایە، دەبێت جەماوەری كوردستان بە گوڕوتینەوە پشتیوانیی پارتی بكەن بۆ پەرلەمانی عێراق، لەو بارەیەیشەوە سندووس حوسێن، بەرپرسی ئەنجوومەنی ئافرەتانی هەڵەبجەی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، هێمای بۆ ئەوە كرد: "ئێمە وەك ئافرەتانی هەڵەبجە بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین كە هەوڵ بدەین ئەو هێزە سەربخەین بۆ پەرلەمانی عێراق كە خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر و ڕۆژانی دوایی لە پردێ و شوێنەكانی دیكەی پووچەڵ كردنەوە و چۆكی بە دوژمن دادا، كە هاتبوون بۆ لەناوبردنی قەوارەی سیاسیی كوردستان، دڵنیاشین له كاندیدەكانی پارتیمان بۆیه دهنگیان پێدهدهین".
سندووس دەڵێت: "كاری لەپێشینەی پەرلەمانتارەكانی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەمان پێ دەڵێت، هەمیشە ئەوە پەرلەمانتارەكانی پارتی بوون شەڕیان لەسەر مافە دەستوورییەكانی گەلەكەمان كردووە، پێچەوانەی پەرلەمانتارەكانی حیزب و لایەنەكانی تر، كە دژی مافەكانی كورد دەنگیان داوە و هێزی میلشیایان بەیاسایی كردووە، لە كاتی ناكۆكییەكانی هەولێر و بەغدادا لەسەر مافەكانی كورد، ئەوان ڕۆییشتوون پیشتیوانی سەرسەختی بەغدا بوون دژی حكوومەتی خۆمان".
لاوان هەمیشە شوورای پۆڵایین بوون بۆ پاراستنی كوردستان، لەسەر هەمان پرس، عومەر فارس، كارگێڕی ناوندەی باڵای هەڵەبجەی یەكێتیی لاوان، ئاماژەی بەوە دا: "ئێمەی لاوانی هەڵەبجە، هەموو پشتیوانییەكی لیستەكەی پارتی دەكەین بە ژمارە(184) و كاندیدەكانی، تاوەكوو پشتێنەی یاسایی كوردستان لە بەغدا، بە ڕۆڵەی بەئەمەكی گەلی كوردستان بەهێز بكەین".
وەك فارس گوتی: "ئێمەی هەڵەبجەیی و هەورامییەكان، كەسانێك هەڵدەبژێرین لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراق، كە جەخت لە داكۆكیكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان".
هێڤیار ههڵهبجهیی




