كوردستانیان: بەرنامە و لیستی 184ی پارتی باشترینن بۆیه دەنگی پێدهدهین

هەولێر-KDP.info- هاووڵاتیانی شاری هەولێر جەخت دەكەنەوە، دەنگ بە لیستی ژمارە 184ـی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن و هەر ئەو حزبەیش بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان دەزانن، چونكە وەك خۆیان دەڵێن: "بێگومانین كاندیدانی پارتی لە بەغدا، پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی گەلی كورد دەكەن".
پارتی دیموكراتی كوردستان، بە لیستی ژمارە 184 و لە ژێر درووشمی "دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان"، دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق كردووە و، بەرنامەی پارتییش بۆ ئەم جارە زیاتر جەختكردنەوەیە لە بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی گەلی كورد لە بەغدا.
شەمسەددین محەممەدی هاووڵاتی، كە پیشەی فەرمانبەرە و نیشتەجێی هەولێرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕابردوودا هەمیشە مافی خەڵكی كوردستانی لە سەرووی هەموو شتێكەوە داناوە و هەمیشە هەوڵی بۆ دەستكەوتە نەتەوەییەكانی گەلی كورد داوە، گرینگترین دەستكەوتیش كە ڕیفراندۆم بووە، لە ساڵی ڕابردوودا ئەنجام درا و جگە لەوەیش، نوێنەرانی كورد لە بەغدا لە لیستی پارتی هەمیشە وەكوو یەك تیم بەرگرییان لە مافەكانی گەلی كورد كردووە و بەرگریكاری مافی گەلی كورد بوونە، بۆیە بە باشترین لیستی دەزانم بۆ ئەوەی دەنگی پێ بدەم و هیوادارم خەڵكی كوردستانیش دەنگ بە لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن، چونكە تەنیا پارتییە دەتوانێ مافەكانی گەلی كورد دەستەبەر بكات."
فاتیمە محەممەدیش، كە پیشەی مامۆستایە و ئەویش نیشتەجێی هەولێرە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "من بەرنامەی پارتیم بۆ ئەم هەڵبژاردنە زۆر پێ باشە و بە باشترین بەرنامەی دەزانم، چونكە لە بەرنامەكەیدا زیاتر باسی دەستكەوتە نەتەوەییەكانی كردووە بۆ خەڵكی كوردستان و، پارتی لە ماوەی ڕابردوویشدا بە كردەوە ئەوەی سەلماندووە، جگە لەوەیش پارتی هەمیشە بەرگریی لە قووتی خەڵك و دابینكردنی پێداویستی و مووچە بۆ پێشمەرگە كردووە، كە ئەمە لە بەرنامەی لیستەكانی دیكەدا نابینم، بۆیە بۆ ئەوەی نوێنەری ڕاستەقینەی خۆم بۆ بەرگریكردن لە مافەكانم لە بەغدا دیاری بكەم، بێگومان دەنگ بە لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەم."
غازی حەسەن، كاندیدی ژمارە 23 لە لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "بەرنامەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە لەسەر بنەمای كوردستانیبوون دانراون و، بۆ بەرگریكردن بوون لە دەستكەوتی زیاتر، بۆیە درووشمەكەیش دەستكەوتی زیاترە بۆ كوردستان و هەوڵدان بۆ دەستكەوتی زیاتر و پارێزگاریكردنە لەو دەستكەوتانەی بە دەست هاتوون، ئەمەیش ئەوە دەگەیێنێت كە، بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەدەرە لە بەرژەوەندیی حیزبی، بۆیە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەگەر متمانەی خەڵكیان بەدەست هێنا، كار بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیەی پارتی دەكەن و، لە بەغدا دەبنە داكۆكیكار لە مافەكانی گەلی كورد".
غازی حەسەن باسی لەوەیش كرد: "زیاتر لە 50 ماددەی دەستووری لەلایەن بەغداوە بەرانبەر هەرێمی كوردستان پێشێل كراون، بۆیە یەكێك لە ئەركەكانی ئێمە، كاركردن دەبێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستووریانە و دابینكردنی بەشەبوودجەی خەڵك و هێزی پێشمەرگە، چونكە ئەمانە مافی خەڵكی كوردستانن و پێویستە كاری بۆ بكەین لە بەغدا و، لە پەرلەمانیش شەڕێكی یاسایی و دەستووری دەكەین بۆ جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان".
بڵند ئیبراهیم




