كاندیدانی پارتی: ھەموو ھەوڵێك بۆ جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور دەدەین

هەولێر-KDP.info- كاندیدانی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كاری لەپێشینەیان لە خولی داھاتووی پەرلەمانی عێراقدا، جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور دەبێت و، كاندیدێكیش ڕوونی كردەوە، تا ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەكرێت، عێراق ئارامی بە خۆیەوە نابینێت.
دكتۆر مەیادە محەممەد نەجاڕ، كاندیدی ژمارە ٤ی لیستی ١٨٤ی پارتی لە پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی كوردستانی راگەیاند: "یەكێك لە ئەركەكانی پەرلەمانتارانی ئەمجارەی پارتی لە بەغدا، بەدەستھێنانی ھەموو مافەكانی گەلی كوردستان دەبێت، بە تایبەت جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، چونكە دەستوور ماددەی ١٤٠ی بۆ چارەكردن و گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستانی دیاری كردووە، یەكێك لەو كێشانەی بە ھەڵواسراوییش ماوەتەوە لە نێوان ھەرێم و بەغدادا، كێشەی ئەو ناوچانەیە، لەبەر ئەوە ئەمجارە نوێنەرانی پارتی پلانمان داناوە بۆ ئەوەی زۆرترین ھەوڵ بدەین بۆ گێڕانەوەی ئەو ناوچانە".
لای خۆیەوە، شێروان حەیدەری، كاندیدی ژمارە٩ی لیستی ١٨٤ی پارتی لە سنووری پارێزگای ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ماددەی ١٤٠ یەكێكە لەو ماددانەی دەستووری عێراق كە ئێمە پێشتر وەك پارتی زۆر پێداگریمان كردووە بۆ جێبەجێكردنی و، تا كێشەی ئەو ناوچانەیش مابێ، كێشەكانی ئێمە لەگەڵ عێراق نابڕێنەوە، ئەمجارە ھەموو ھەوڵێك بۆ جێبەجێكردنی دەستوور بە گشتی و ماددەی ١٤٠ بە تایبەت دەدەن، چونكە چارەنووسی ئەو ناوچانە، پەیوەستە بە ماددەی ١٤٠ی دەستوورەوە، تا ماددەی ١٤٠یش وەك خۆی جێبەجێ نەكرێت، عێراق ئارامی بە خۆیەوە نابینێت".
قائید میرۆ




