٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕزگار گۆران: كارمان كردووە بۆ زیادكردنی كورسییەكانی پارتی لە سنووری سلێمانی

سەرچاوە: KDP.info

 

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە سلێمانی ڕایدەگەیێنێت، دەنگی لایەنگران و ئەندامانی پارتی لە سلێمانی بۆ هیچ حیزبێكی دیكە ناڕوات و دەنگی حیزبەكانی دیكە بۆ پارتی دێت.

ڕزگاری ئەژی گۆران، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە سلێمانی و سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو حیزبەیە هەمیشە ئەندام و لایەنگرانی ئەركەكانی سەرشانیان دڵسۆزانە جێبەجێ دەكەن، بۆیە ئێمە دڵنیاین دەنگدەرانی پارتی ڕۆژی 12/5 دەڕۆنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی ژمارە (184)ـی پارتی و لەنێویشدا كاندیدانی پارتیمان دەدەن".

 بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی گوتیشی: "پارتی بە دڵنیاییەوە پارێزگاری لە دوو كورسیی چوار ساڵی پێشوو دەكات، بەڵام ئێمە ئێستا كارمان كردووە تا پارتی كورسییەكانی زیاد بكات لە سنووری بازنەی سلێمانی، كە پارتی بە ڕێژەیەكی بەرچاو ئەندام و لایەنگرانی زیادی كردووە، هەروەها كوردستانیانیش متمانەیان پێیە‌تی كە ببێتە پارێزەری دەستكەوتەكانیان لە بەغدا".

لەبارەی ڕۆییشتنی دەنگی پارتی بۆ حیزبەكانی دیكە یان پێچەوانەكەیشی كە دەنگی لایەنەكانی تر بۆ پارتی بێت لە سلێمانی، ئەو دەڵێت: "دەنگی لایەنگران و ئەندامانی پارتی لە سلێمانی بۆ هیچ حیزبێكی دیكە ناڕوات، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەنگی حیزبەكانی دیكە بۆ پارتی دێت".

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سلێمانی 18 كورسیی بەركەوتووە كە چەندین حیزب و قەوارە هەڵمەتی توندی هەڵبژاردن بۆ بەدەستهێنانی ئەو كورسیانە بەڕێوە دەبەن.

 

هێڤیار هەڵەبجەیی

هەواڵی پەیوەندیدار