٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كاندیدانی پارتی لە دیالە: كار بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

دیالە-KDP.info-  كاندیدانی پارتی لە سنووری دیالە باس لەوە دەكەن، ئەگەر خەڵك متمانەیان پێ بدات، لە پەرلەمانی عێراق كار بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكە بۆ پێش 16ی ئۆكتۆبەر و، قەرەبووكردنەوەی خەڵكی بە هۆی ئەو ڕووداوانەوە دەكەن.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان، دوێنێ لە ژێر درووشمی "دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان"، بە لیستی ژمارە 184 دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن كرد و تێیدا بەرنامەی خۆیشی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشكرا كرد، كە كاركردنی كاندیدانی پارتی دەبێت بۆ جێبەجێكردنی دەستوور و بەدەستهێنانی مافی گەلی كورد لە بەغدا.
كاندیدی ژمارە 1ی لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری دیالە كازم بیرۆڵی، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە وەكوو لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەگەر خەڵكی متمانەی پێ داین، ئەو درووشمانەی بەرزمان كردوونەتەوە، دەیانكەینە كردار و بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان جێبەجێ دەكەین و خزمەتی شارەكەی خۆمان دەكەین، هەروەها كار دەكەین بۆ ئەوەی دۆخی سنووری خانەقین و دەوروبەری ئاسایی بكرێتەوە كە دەكەوێتە سنووری ماددەی 140، چونكە دۆخی شاری ئێمە هەستیارە و هەوڵی ئەوە دەدەین كە پێكەوەژیان لە ناوچەكەدا بەردەوام بێت و، كاریش دەكەین بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دووبارە نەبنەوە و، دۆخەكەیش بۆ پێش ئەو كاتە بگەڕێتەوە".
بیرۆڵی گوتیشی: "كارێكی دیكەی ئێمە لە بەغدا ئەوە دەبێت كە، سەقفێكی زەمەنی بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 دابنرێت و بەردەوامیش هەوڵی بۆ دەدەین، جگە لەوەیش هەوڵی قەرەبووكردنەوەی ئەو خەڵكە دەدەین كە بە هۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە زیانیان بەركەوتووە و، ئەونەی ئاوارەیش بوونە بگەرێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان".

 

 

لای خۆیشیەوە، كاندیدی ژمارە2ی لیستی 184ی پارتی لە دیالە، عامر رەفعەت، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "یەكێك لە ئامانجەكانی ئێمە، ئەگەر لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتنمان بەدەست هێنا، ئەوەیە كە ئەو مافەی لەلایەن بەغداوە لە گەلی كورد زەوت كراوە، وەریبگرینەوە و ئەو ماددە دەستووریانەی پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، جێبەجێ بكرێن، هەروەها پرسێكی دیكەی زۆر گرینگ هەیە، ئەویش كەیسی كۆچپێكراوەكانە كە لە ساڵی1960تا ئێستا وەكوو خۆی ماوەتەوە و، ئەو عەرەبانەی هاوردە كراون، تا ئێستا ماون و نەگەڕاونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان، بۆیە دەمانەوێت ئەمە بكرێتە یاسا و كوردەكان بە یاسا بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان".

رەفعەت دەشڵێ: "ئێمە لەگەڵ چینی هەژارداین، بە تایبەت ئەوانەی قوربانی دەستی تیرۆرن و كەسوكاری ئەوانەی لە شەڕی داعش شەهید بوونە، هەوڵی ئەوەیش دەدەین ئیمتیازاتی زیاتریان هەبێت، چونكە مووچەیەكی كەم وەردەگرن، جگە لەوەیش داوا دەكەین زەوییان پێ بدرێت، بۆیە ئەگەر لە گیرفانی خۆیشمان بێت، پێویستە هاوكاریی هەژار و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بكەین".

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار