٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ مەراسیمێك بۆ ناساندنی كاندیدانی پارتی بۆ شنگال بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

 

شنگال-KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی لە شنگال گوتی، ئەمڕۆ بە بۆنەی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەراسیمێكی تایبەت بۆ ناساندن و دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان دەست پێدەكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان، دوێنێ بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ لیستی 184 دەست پێكرد و بەرنامەی خۆیشی بۆ ئەو هەڵبژاردنە ئاشكرا كرد، بڕیاریشە لە هەموو ناوچەكان بانگەشە لە ژێر درووشمی "دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان"، بۆ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەست پێبكات.

بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شنگال، قادر قەچاخ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ سەعات 10 و 30 خولەكی بەیانی، مەراسیمێكی تایبەت لە پارێزگای دهۆك بۆ ناساندن و دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام بدرێت و، تێیدا بانگەشە دەست پێدەكەن و كاندیدانی شنگالیش بە خەڵكی دەناسێندرێن.

قەچاخ گوتیشی: "بانگەشە لەناو شنگال و دەرەوەی شنگالیش بۆ لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەست پێدەكات، چونكە لەناو شنگالیش كادر و ئەندام و لایەنگرانی خۆمان هەن و ئەوانیش بانگەشە بۆ ئێمە دەكەن و لەوێیش دەنگی خۆیان دەدەن، چونكە تا ئێستا كێشەیان بۆ ئێمە دروست نەكردووە".

دەشڵێ،: "ئێمە 31 كاندیدمان لە سنووری شنگال هەن، كە كوردی ئێزدی و موسوڵمانن و كاندیدێكی توركمانیشیان تێدایە".

وەك ئەو گوتی: "دەنگدەرانی شنگال هەندێك كێشەیان هەبوو، كە بەشێكیان بایۆمەترییان نەكردووە و هەندێكیش كردوویانە و كارتی خۆیان وەرنەگرتووەتەوە، بەڵام زۆرێك لە كێشەكان چارە بوونە، چونكە 85%ـی كوردانی ئێزدی ئاوارەن و لە 14 كەمپدان لە دهۆك و زاخۆ و شێخان، بۆیە كاری ئێمە زیاتر لەنێو ئەواندا دەبێت، پێشبینییش دەكەین وەكوو هەڵبژاردنی رابردوو زۆرینەی دەنگەكان بۆ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بن".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار