٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی ئەمڕۆ لە سنووری مووسڵ بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێدەكات

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ-KDP.info- سەرەڕای كۆسپ و رێگرییەكان، بڕیارە پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای مووسڵ دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بكات. سەرۆكی لیستی ١٨٤ـی پارتییش لە مووسڵ دەڵێ، پارتی لەو سنوورەدا زۆرترین دەنگ بە دەست دێنێت.

عیسمەت ڕەجەب، بەرپرسی لقی 14ـی پارتی لە مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەكوو پارتی، لە پارێزگای مووسڵ دەستمان بە هەڵواسینی وێنە و لافیتەی كاندیدەكان كردووە و ئامادەكارییەكی باشمان كردووە، بەڵام بۆ راگەیاندن و شێوەی ئاهەنگ ئەمڕۆ بە تەواوەتی دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەین و لیستی خۆمان ڕادەگەیێنین".

ڕەجەب گوتیشی: "لە سنووری لقی 14، 62 كاندیدمان هەن، كاندیدەكانیش لە زۆربەی نەتەوەكان پێك هاتوونە، كورد، عەرەب و توركمان و، پێشبینییش دەكەین كە هەروەك چۆن لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا پارتی پشكی شێری بەر كەوت، ئەمجارەیش بە هەمان شێوە و بگرە زیاتریش دەنگ بە دەست دێنێت، سەرەڕای ئەو كێشانەی كە ئێستا لەناوچەكە هەن، كە لە دەشتی نەینەوا لیوای 30ـی حەشدی شەعبی رێگری دەكات كە پارتی بانگەشەی هەڵبژاردن بكات و هەروەها هەوڵ دەدات دەنگەكانی پارتی بۆ خۆی ببات، بەڵام لەو ناوچانە دەنگێك بۆ كورد زۆرە".

لە لایەكی دیكەوە، عەبدولعەزیز سلێمان، سەرۆكی لیستی ١٨٤ـی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "راستە بانگەشەی ھەڵبژاردن لە رۆژی ١٤ـی نیسان لە عێراق دەستی پێكرد، بەڵام ئێمە وەك لیستی پارتی لە مووسڵ ھێشتا بۆ بانگەشە نەچووینەتە نێو شاری مووسڵ و سنوورەكانی نزیك سەنتەری شار، بەڵام ئەمڕۆ بە پلان و بەرنامەی خۆمانەوە وەك لیستی پارتی دەچینە مووسڵ و، گەورەترین ھەڵمەتی ھەڵبژاردن لەنێو مووسڵ بەڕێوە دەبەین".

لای خۆیشیەوە، خالیدە خەلیل، كاندید لە لیستی ١٨٤ـی پارتی لە پارێزگای نەینەوا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە دەزانین كۆسپ و ئاستەنگ بۆ لیستەكەمان دروست دەكرێت لە سنوری مووسڵ، بەڵام بڕیارمان داوە ئەمڕۆ ھەموو كاندیدەكان بۆ بانگەشە بچینە نێو ھەموو ناوچەكانی مووسڵ و تەحەددای ھەموو رێگرییەكیش دەكەین، چونكە دەنگدەرێكی زۆری كورد و بە تایبەت پارتی، كەوتووتە سنووری مووسڵەوە".

عەبدولعەزیز سلێمانیش روونی كردەوە: "پارتی دیموكراتی كوردستان لە نەینەوا زۆرترین دەنگ بە دەست دێنێ، چونكە لە سنوورەكەدا ژمارەیەكی زۆری كورد و عەرەب و ھەموو پێكھاتەكان دەنگیان بۆ لیستی  ١٨٤ـی پارتییە، بەڵام ناتوانین لە ئێستاوە پێشبینیی ژمارەی كۆرسییەكان بكەین".

 

قائید میرۆ – ڕابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار