چاودێران: بەغدا دەیەوێ پەکەکە لە شنگال بەکاربێنێ
_(1)__2018_04_14_h16m2s56__ER.jpg)
دهۆک-KDP.info- شارەزایانی سیاسی پێیان وایە، ئێستا شنگال بووەتە جێگای ململانێی وڵاتان و تەسفیەی حساباتی ئەو وڵاتانەی شەڕی بەوەکالەت دەکەن. پەیوەست بەمە شارەزایهكی سیاسهتی ڕۆژهەڵاتی ناوین و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، حکوومەتی عێراق، پەکەکە بۆ خۆی بە دەرفەت دەبینێت و وەک کارتێک بەکاری دێنێت.
د. هەوار نێروەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، سەرەڕای ئەو قسانەی باس لە کشانەوە پەکەکە لە شنگال دەکەن، ئێستا مەرجەعی بڕیاردانی شنگال لە قەندیلەوە گوستراوەتەوە بۆ نەجەف و کەربەلا، چونکە پێشتر هەموو بڕیارەکان پەکەکە لە قەندیلەوە دەری دەکردن و ئێستاش حەشدی شەعبی لە شنگالە و بڕیارەکان لە مەرجەعیەتی شیعەی سیاسی وەردەگرن."
دوا لێدوانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە شنگال ڕایگەیاند، ڕێگا نادەین هیچ هێزێک لە خاکی عێراقدا چەک هەڵبگرێت، بەڵام ئێمە ناتوانین ڕێگا لە هاووڵاتیانی عێراقی بگرین، کەوتبنە ژێر هزری پەکەکەوە و ناتوانین دەریان بکەین، چونکە هاووڵاتیی عێراقین و دەستوەردانی هیچ وڵاتێکیش لە خاکی عێراقدا قبووڵ ناکەین.
پەیوەست بەمە، نێروەیی ڕایگەیاند: "لێدوانەکانی عەبادی زۆر ئاشکران کە حکوومەتی عێراق پەکەکە وەک کارتێکی سیاسی لە دژی تورکیا بۆ خۆی بەکار دێنێت."
ئەو شارەزایەی پەیوەندیی نێودەوڵەتی پێی وایە: "هەرگیز پەکەکە تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستانی لەبەرچاو نەگرتووە و ڕێزیشی لێ نەگرتووە و ئەمەش دەبێتە بیانوو بۆ تورکیا هێرش بکاتە سەر هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان، بەڵگەی دیاریش ئەوەیە، کە چەندین جار حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە پەکەکە کرد، شنگالی چۆڵ بکات، کەچی ڕازی نەبوو، بەڵام بە یەک نامەی حکوومەتی عێراق ڕازی بوو."
ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە چەندین جار بەرپرسە باڵاکانی تورکیا و بە تایبەت سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بە شێوەیەکی ئاشکرا لە چەندین وتاری خۆیدا هەڕەشە لە پەکەکە دەکات لە شنگال و دەڵیت: "شەوێک بە نهێنی دەچینە شنگال."
جگەرخوێن سێڤۆ، چاودێرێکی سیاسییە، پێێ وایە: "ئەوەی لە شنگال دەگوزەرێت شەڕی بەوەکالەتی وڵاتانە و شەڕی مەزهەبیی وڵاتانی ناوچەیەکە و هەر کامیان چاوی لە بەهێزکردنی نفووزی خۆیەتی لەسەر حیسابی خاکی شنگال."
سێڤۆ دەشڵێ: "شنگال خۆی ناوچەیەکی ستراتیژییە و سێگۆشەی وڵاتانە و دەستبەسەرداگرتنی شنگال، واتا دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکە و ئەمەش بووەتە هۆکارێکی گەورە کە وڵاتان چاویان لە بەرفراوانکردنی سنووری خۆیان بێت، بە تایبەت لە شنگال، بەڵام خەڵکی شنگال کوردستانین و خاکەکەیش کوردستانە، بۆیە شنگالییەکان تەنیا پێشمەرگەیان قبووڵە و هیچ هیزێکی دیکە ناتوانێ لە داهاتوودا خۆی بکاتە خاوەنی شنگال.
کـــاروان باعەدری




