پەیەدە، سەركردەیەكی دیكەی ئەنەكەسەی رفاند

دهۆك-KDP.info- جێگرى سكرتێری پارتی یەكێتیی كوردی لە سووریا رایگەیاند، ئاساییشی "پەیەدە"، سەركردەیەكی دیكەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی لە سووریا رفاند.
حەسەن ساڵح، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "دوێنێ ئێوارە (١٣-٤-٢٠١٨)، لەلایەن ئاساییشی پارتی یەكێتیی دیموكراتی "پەیەدە"ـوە، هێرش كرایە سەر ماڵی نیعمەت داوود، سكرتێری پارتی یەكێتیی كوردی لە سووریا و، دواتر بۆ جێگایەكی نادیاریان رفاند".
ساڵح گوتیشی: "چارەنووسی نیعمەت داوود نادیارە و، هەر لەم مانگەیشدا، فەیسەڵ یووسف، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نشتیمانی كورد لە سووریا، لە لایەن ئاساییشی پەیەدەوە رفێندرا".
تا ئێستا پەیەدە زیاتر لە ١٠ سەركردە و چەندین لایەنگری ئەنجوومەنی نشتیمانیی كوردی لە سووریا رفاندوون و چارەنووسیان نادیارە، ئەمە جگە لەوەی چەندان ئۆفێسی حزبەكانی نێو ئەنجوومەنی سووتاندوون.
كــاروان باعەدری




