داوا دەكرێت یادی 30ساڵەی ئەنفال، بكرێتە هەوێنی یەكڕیزی

چەمچەماڵ-KDP.info- ئەمڕۆ 14ـی نیسانی 2018، لە شاری چەمچەماڵ یادی 30 ساڵەی ئەنفالی گەرمیانییەكان دەكرێتەوە و، داوایش دەكرێت ئەو یادە بكرێتە هەوێنی یەكڕیزیی گەلی كورد.
بۆ یادی 30 ساڵەی ئەنفال، چەندان چالاكیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن، كە گوزارشت لە پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال دەكەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش، 20 ملیۆن دیناری بۆ یادەكە دابین كردووە و، كۆنسووڵ و باڵیۆزی وڵاتانی جیهان لە عێراق و كوردستان بانگێشت كراون، كە لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە شارۆچكەی چەمچەماڵ، یادەكە بەرز ڕادەگیرێت.
هابیل عەبدولكەریم، بەڕێوەبەری مۆنومێنتی ئەنفالكراوان و سەرپەرشتیاری یادی 30 ساڵەی ئەنفال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ ئەمساڵ، یادی 30 ساڵەی ئەنفال بە درووشمی "با 30ساڵەی ئەنفالی گەلەكەمان بكەینە هەوێنی یەكڕیزیی نێوانمان"، بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان دەكەینەوە و بەرپرسانی حكوومی و حیزبی و كوردستانیان تێیدا ئامادە دەبن".
عەبدولكەریم ڕاشیگەیاند: "ئەمساڵ تەنیا بانگهێشتنامەی فەرمیمان بۆ كۆنسووڵ و باڵیۆزانی وڵاتان ناردووە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بانگەوازیشمان بۆ تەواوی كوردستانیان كردووە لە بەرپرس و هاووڵاتیان، تا ڕۆژی 14ـی نیسان لە چەمچەماڵ و لە یادی قوربانییەكانمان ئامادە بن".
هێڤیار هەڵەبجەیی




