٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە کەرکووک ئاڵای کوردستان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردان قەدەغە کرا

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- ڕۆژی 14\4\2018 له‌ عێراق بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ست پێ دكات، چه‌ند لایه‌نێكی كورد له‌ پارێزگای كەركووك به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن، كه‌ ئێستا‌ له ‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌ داگیر كراوه‌، سه‌رۆكی لیستی برایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووكیش ده‌ڵێت، هیچ هێزێكی كورد ناتوانێت ئاڵای كوردستان له‌ ماوه‌ی بانگه‌شهدا‌ به‌كار بهێنێت.

 

محه‌ممه‌د كه‌مال، سه‌رۆكی فڕاكسیۆنی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "له‌ كه‌ركووك چالاكیی سیاسی بۆ حزبه‌ كوردییه‌كان زۆر به‌رته‌سك بووه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئێستا‌ پاش چه‌ند مانگ داگیركەریی شاره‌كه‌ له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقەوە ڕێگەی‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان نادرێت به‌و حزبه‌ كوردیانه‌ی له‌و شاره‌دا باره‌گایان كردووه‌ته‌وه‌."

 

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا حزبه‌ كوردییه‌كان ده‌توانن ئاڵای كوردستان به‌كار بهێنن، محه‌ممه‌د كه‌ماڵ گوتی: "نه‌خێر هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ كه‌ركووك و ئه‌و ئیداره‌یەی ئێستا حوكمڕانیی شاره‌كه‌ ده‌كات، ڕێگه‌ نادات لایه‌نه‌ كورده‌كان ئاڵای كوردستان به‌كار بێنن له‌ كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ چه‌ند ڕۆژی ئایندەدا."

 

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كورد ده‌نگی پێشووتری ده‌هێنێته‌وه‌، كه‌ له‌ 12 كورسیی كه‌ركووك كورد 8 كورسیی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوودا به‌ده‌ست هێنابوو، ناوبراو ده‌ڵێت: "ئێمه‌ وه‌ك پارتی بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌و شاره‌مان كردووه‌، چونكه‌ ئه‌و شاره‌ له ‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌كانەوە داگیر كراوه‌، شاره‌كه‌ به ‌سه‌ربازگە كراوه‌ و گه‌لی كورد ناتوانێت به‌ ئازادی بڕواته‌ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگی خۆی بدات، بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ كورد له‌م هه‌ڵبژاردنەدا‌ زیانمه‌ندی گه‌وره‌ ده‌بێت و باشترین ڕێگه‌ش ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركووك له‌م دۆخە سیاسی و ئه‌منیه‌ی هه‌یه‌تی، نه‌كرێت، به‌ڵام كه‌ حكوومه‌تی عێراقی هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌و شاره‌ بكه‌ن، باشترین بژارده‌ ئه‌وه ‌بوو كورد بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقی له‌و شاره‌ بكردایه."

 

محه‌ممه‌د كه‌مال ده‌شڵێت: "هاووڵاتییەكی زۆری كورد تا ئێستا‌ش له‌ كه‌ركووك ئاواره‌ی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ و له‌به‌ر بیروڕای سیاسییان ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنی باب و باپیرانی خۆیان له‌ كه‌ركووك، ئیدی ئێمه‌ چۆن ده‌توانین له‌و دۆخه‌ ناهه‌موارەدا‌ بڕۆینه‌ ناو پڕۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن، كه‌ لایه‌نی عێراقی عه‌ره‌بی به ‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌یانه‌وێت له‌ سه‌نگی كورد بده‌ن له‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌ كوردستانییەكان."

 

له‌ پاش داگیركردنی شاری كه‌ركووك له‌ لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌كانەوە له‌ ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئاڵای كوردستان لە کەرکووک قەدەغە کرا.

 

هێڤیار هەڵەبجەیی

 

هەواڵی پەیوەندیدار