مەسروور بارزانی: پێویستە گشت پێكهاتەكان لە عێراقدا هەست بە دڵنیایی بكەن

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی ڕایگەیاند، پێویستە هەوڵ بدرێت دۆخی عێراق بە جۆرێك ئاسایی بكرێتەوە كە گشت پێكهاتەكان هەست بە دڵنیایی بكەن و، دووپاتی كردەوە كە خواستی هەرێمی كوردستان پابەندبوون و جێبەجێكردنی دەستوورە.
مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ 10/4/2018 پێشوازیی لە مەكسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق و شاندی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا، كە بە ئامادەبوونی ڤیكتۆر سیماكۆڤ، كۆنسووڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر بەڕێوە چوو، بیروڕا لەبارەی پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە ئاڵۆگۆڕ كرا و، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ڕووسیا لە گشت بوارەكاندا كردەوە.
لە بارەی هەوڵەكانی چارەكردنی كێشە و گرفتەكان و دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، باڵیۆزی ڕووسیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ پێشكەوتنی دانوستانەكانی نێوان هەردوولا دەربڕی و ئاواتی خواست هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەرێم بە سەركەتوویی بەڕێوە بچن و، ببن بە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بۆ چارەكردنی گشت كێشەكان.
پەیوەند بەم بابەتەوە، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە هەڵبژاردنەكان و هەنگاوەكانی دواتر كرد، كە وەك هەرێمی كوردستان ڤیتۆیان لەسەر هیچ لیست و لایەنێك نییە و، جەختی لە گرینگیی رێزگرتن و پابەندبوون بە دەستوور و هاوبەشی راستەقینە كردەوە و رایگەیاند، پێویستە هەوڵ بدرێت دۆخی عێراق بە جۆرێك ئاسایی بكرێتەوە كە گشت پێكهاتەكان هەست بە دڵنیایی بكەن و، دووپاتی كردەوە كە خواستی هەرێمی كوردستان پابەندبوون و جێبەجێكردنی دەستوورە وەك رێگەچارەی بەدیهێنانی سەقامگیری.
لە بارەی جەنگی دژەتیرۆریشەوە، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم ئاماژەی دا، هێشتا هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچەكەدا ماوە و بەم دواییەیش چالاكییەكانیان لە هەندێ ناوچەدا پەرەیان سەندووە.




