سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد

هەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و لە دیدارەکەدا شاندی میوان وێڕای دەربڕینی هاوخەمیان بۆ کۆچی ناوادەی دلۆڤان ئیدریس بارزانی، بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هاوكێشە و پێشهاتە سیاسییە نوێیەكان ئاڵوگۆڕ كرا، هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە لەمەڕ پێشهاتە سیاسییەكان لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا بن.
ڕۆژی یەكشەممە ٨ـی ٤ـی ٢٠١٨ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بەبۆنەی كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو دلۆڤان ئیدریس بارزانی و جەختیشی لە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان لە قۆناغەكانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو كردەوە لە بەدیهێنانی سەقامگیری و پەنادانی خەڵكی لێقەوماو و ئاوارە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هاوكێشە و پێشهاتە سیاسییە نوێیەكان ئاڵوگۆڕ كرا و ڕۆشناییش خرایە سەر ئەو تەحەدییاتەی لەبەردەم پڕۆسەی سیاسیدا لە قۆناغی داهاتوو دێنە كایەوە. هەر لەو دیدارەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە لەمەڕ پێشهاتە سیاسییەكان لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا بن.




