پارەی جووتیارانی سنووری هەولێر دابەش دەكرێت

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، شاندێكی بانكی هەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا بۆ وەرگرتنی پارەی ساڵی رابردووی جووتیارانی سنووری شاری هەولێر و، هەر كاتێك پارەكە گەییشت، دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
حكوومەتی عێراق تاوەكوو ئێستا پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی ساڵانی2014 و2015 و2016 و2017ـی دابەش نەكردووە، كە كۆی پارەكە دەكاتە نزیكەی 650ملیار دیناری عێراقی، سەرەڕای ئەوەیش حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە پارەكە بۆ نیوە كەم بكاتەوە و گەنمی جووتیاران بە نیوەقیمەت حیساب بكات، بۆیە بڕیارە وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێم لە دادگای فیدراڵی سكاڵا لەسەر وەزارەتی بازرگانی عێراق تۆمار بكات.
عەبدولڕەزاق ناوەندی، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی بانكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، لەبەر ئەوەی پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر لە وەزارەتی بازرگانییەوە چووەتە بانكی ناوەندی و بڕیارە ئەوانیش بۆ بانكی ناوەندیی هەرێم رەوانەی بكەن و لەوێ بۆ بانكی حەمرین دەچێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لەلایەن ئەوانەوە ناسراو نییە، بۆیە پرسیارایان كردووە ئەمە بانكی چییە و بۆ ئەوەیان هەڵبژاردووە و بانكی ناوەندیی هەرێمیش وەڵامی داونەتەوە، كە پارەكە بۆ ئەوان رەوانە بكەن".
ناوەندی گوتیشی: "بڕی پارەكە 30ملیار دینارە و هیی ساڵی رابردووە، چونكە سلێمانی و دهۆك پارەی خۆیان وەرگرتووە، بۆیە هەر كاتێك پارەكە بگات، ڕۆژی دواتر دەست بە دابەشكردنی دەكرێت بەسەر جووتیارانی هەرێمی كوردستاندا".
بڵند ئیبراهیم




