کرمانج عەبدوڵڵا: هاووڵاتیانی مەخموور بەو شێوەیە دەتوانن دەنگ بدەن
__2018_04_05_h19m56s33__HK.jpg)
مەخموور-KDP.info- لە سنووری قەزای مەخموور و ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق کۆمسیۆن ئاسانکاری بۆ دەنگدەرانی ئەو سنوورانە کردووە و ئەوانەی بەشداریی بایۆمەتریان نەکردووە، دەتوانن لە ھەمان بنکەی پێشوو دەنگ بدەن، بەرپرسی لقی پارتیش لە مەخموور دەڵێ، ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کاریگەری لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەبێت و خەڵک وەک سەردەمی پێشمەرگە لە مەخموور ناتوانن دەنگ بدەن.
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی مەخمووری پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ھەندێک ئاسانکاری بۆ دەنگدەرانی سنووری ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق کردووە، لەوەی ھەر دەنگدەرێکی ئەو سنوورانە پێشتر، واتە لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ دەنگی داوە، دەتوانێت بۆ ڕۆژی ١٢ی ئایاریش لە ھەمان بنکە دەنگ بدات، واتە ھەر ھاووڵاتییەکی سنووری مەخموور و ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ پێشتر لە کوێ دەنگی داوە، ئەمساڵیش بچێتەوە ھەمان بنکە بۆ دەنگدان، بەڵام بەر لە دەستپێکردنی پڕۆسەی دەنگدان چەند ڕۆژێک پێشتر سەردانی بنکەکانیان بکەن، تا کارتی ھەڵبژاردنی ڕابردوو وەربگرنەوە و بۆ ڕۆژی دەنگدان بەکاری بێنن."
بەشێکی زۆری ھاووڵاتیانی سنووری مەخموور بە ھۆی ڕەوشی ناوچەکەیان ھەم شەڕی داعش و ھەم داگیرکاریی حەشد و ھێزە عێراقییەکان نەیانتوانیوە بەشداری لە بایۆمەتریدا بکەن، بەڵام بەشێکی دیکەش بەشدار بوونە، کرمانج عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە: "ئەوانەی بەشداریی پڕۆسەی بایۆمەترییان کردووە و کارتی پێشوویان نەماوە پێویستە سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ ئەوەی کارتە نوێیەکە وەربگرنەوە، چونکە ئاسانکاری تەنھا بۆ ئەوانەیە کە بەشداریی بایۆمەتری نەکردووە و کارتی نوێی دەنگدانیان دروست نەکردووە."
لەبارەی ئەوانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا تەمەنیان لە خوار ھەژدە ساڵ بوو چارەنووسیان چی دەبێت، بەرپرسەکەی پارتی لە مەخموور ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا چوار تەمەن پێگەیشتووە بۆ دەنگدان، ئەوانیش ئەگەر بایۆمەتریان نەکردووە، دەبێت سەردانی ھەمان ئەو بنکانەی کۆمسیۆن بکەن، کە پێشتر دایک و باوکیان دەنگیان لێ داوە."
ڕەوشی مەخموور دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە و بەشێکی دەڤەرەکە لە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکاندایە و بەشێکیشی ھێزی پێشمەرگە دەیپارێزیت، پێوەست بە کاریگەریی ڕەوشی مەخموور لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردن، کرمانج عەبدوڵڵا گوتی: "بێگومان ھەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز دەبێت لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ئەو کاتەی مەخموور لە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا بوو ئازادیی زیاتر ھەبوو خەڵک دەیتوانی بە ئاسانی و ئازادی بەشداریی پڕۆسەی دەنگدان بکات، بەڵام ئێستا لەو ناوچانەی مەخموور کە حەشد و پۆلیسی فیدڕاڵییان تێدایە ئەوە وەک جاری پێشوو خەڵک ناتوانن بەشداری بکەن، ئێمە دۆست و لایەنگر و ئەندامی خۆمان ھەن لەو سنوورە وەک پارتی و ئامادەن بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکەن لە ١٢ی مانگی داھاتوو، سەرەڕای ئەوەش وەک جاری پێشوو خەڵک ناتوانن دەنگ بدەن."
قائید میرۆ




