یەكێتیی مامۆستایان: ھیچ مەترسییەك لەسەر پڕۆسەی خوێندن نەماوە

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمڕۆ مووچەی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی بە سیستمی نوێ دابەش بكرێت و، بەرپرسێكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانیش ئاشكرای كرد، مامۆستایان گەڕاونەتەوە ھۆڵەكانی خوێندن و ھیچ مەترسییەك لەسەر كەرتی پەروەردە و پڕۆسەی خوێندن نەماوە.
عەتا ئەحمەد، جێگری نەقیبی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كاریگەری لەسەر ھەڵوێستی مامۆستایان ھەبوو، لەبەر ئەوەیش مامۆستایان دوای بڕیارەكەی حكوومەت گەڕاونەتەوە بۆ دەوامی خۆیان و، لە ئێستادا ھۆڵەكانی خوێندن بە ڕووی قوتابیاندا كراونەتەوە و پڕۆسەی پەروەردە ھیچ مەترسییەكی لەسەر نەماوە تا ساڵی خوێندن لە ھەندێ ناوچە ھەژمار نەكرێت، تاقیكردنەوەی پۆلە نا كۆتایەكانیش دوا خراوە لە ٢٨ـی نیسانەوە بۆ ١٤ـی ئایاری داھاتوو، ئەوەیش دەرفەت دەدات بە مامۆستایان و قوتابیان تا بتوانن ئەو ماوەیەیەی دەوام نەكراوە، قەرەبوو بكرێتەوە".
بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی دەست بە دابەشكردنی مووچەی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی بكات و، لەو بارەیەیشەوە عەتا ئەحمەد گوتی: "داوامان كردووە چارەنووسی مووچەی مانگەكانی رابردوو یەكلا بكرێتەوە و پاشەكەوتی ساڵانی رابردوو بخرێتە سەر ھەژمارەی حیسابی مامۆستایان، تا چینی مامۆستایان بزانن چەند پارەیان وەك پاشەكەوت لای حكوومەت ماوە ".
قائید میرۆ




