٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە: گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك، لە راستییەوە دوورە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- ماوەیەكە زانیاریی جیاواز لەبارەی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان بڵاو دەكرێتەوە و، بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەیش رەتی كردەوە ھیچ ھێزێكی پێشمەرگە گەڕابێتەوە بۆ كەركووك، هاوكات جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووكی پارتی دەڵێ: "ھێشتا زانیاریمان نییە رێككەوتن كرابێت بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە، بەڵام پارتی پێی وایە ئەگەر پێشمەرگە و ئاساییش نەگەڕێنەوە، رەوشی كەركووك ئاڵۆزتر دەبێت".

چەند مێدیایەكی عێراقی بڵاویان كردەوە، ھێزێكی پێشمەرگە گەڕاونەتەوە بۆ كەركووك، بەڵام سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە فەریق جەمال ئێمینكی، تەواوی ئەو زانیاریانەی رەت كردەوە و گوتی: "وەزارەتی پێشمەرگە ئاگاداری ئەوە نییە ھیچ ھێزێكی پێشمەرگە گەڕابێتەوە ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان و، ھەر رێككەوتنێكیش لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە كرابێت بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە، رەت دەكرێتەوە، چونكە رێككەوتنێك بە بێ واژۆی وەزارەتی پێشمەرگە كرابێت، ئێمە بە ھەموو شێوەیەك رەتی دەكەینەوە".

هەر پێوەست بەم پرسە، دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دۆستانی ئێمە لە ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی پێشمەرگە بگەڕێتەوە سنووری كەركووك و ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان، بەڵام تا ئێستا ھیچ رێككەوتنێك نەكراوە، ھەتا ئێستایش ئەوەی من زانیاریم ھەبێت تەنیا ھاوپەیمانان چەند جارێك سەردانی كەركووكیان كردووە و دواتر لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئەو پرسەیان باس كردووە، وەك حزب كە ئێمە ئاوارەین لێرە، ھیچ شتێك باس نەكراوە".

دیاری حوسێن هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەگەر ھەر رێككەوتن و ھەنگاوێكیش ھەبێت لەبارەی پرسی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە، ئەوا بێگومان پێویستە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بكرێت، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان پێمان وایە بە بێ گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاساییش، رەوشی كەركووك ئارامی بە خۆیەوە نابینێت و رەوشەكە زۆر ئاڵۆزتر دەبێت لەوەی ئێستا هەیە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار