ھەولێر و بەغدا، رێنمایی بۆ یەكخستنی مووچەی كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی دەردەكەن

هەولێر-KDP.info- لیژنەیەك لە ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بەغدا، سەرقاڵی دەركردنی رێنماییە لە ژێر رۆشنایی ھەردوو یاسای كەسوكاری شەھیدانی ھەرێم و بەغدا، گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەھیدانیش دەڵێ، تا لیژنەكە رێنمایی دەرنەكات، مووچەی كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسیی ھەرێم ناچێتە سەر دەزگای شەھیدانی عێراق.
فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەھیدان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای دەركردنی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ گواستنەوەی ماف و شاییستە داراییەكانی كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسیی ھەرێمی كوردستان بۆ سەر بەغدا، ئێستا لیژنەیەكی ھاوبەش لە ھەردوو حكوومەت سەرقاڵی ئەوەن رێنماییەك دەربكەن تا ھەموو كەسوكاری شەھیدان و زیندانییەك وەك یەك سوودمەند بن، بەڵام ھێشتا دیار نییە كەی یەكخستنەوەی بۆ دەكرێت و مووچەی كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی لەلایەن بەغداوە خەرج دەكرێت، تەنیا كاری لەسەر دەكرێت و ئێمەیش ھیوادارین لە داهاتوویەكی نزیكدا تەواو بێت و كۆتایی بەو پرسەیش بێت".
لەبارەی چۆنیەتیی یەكخستنی مووچە و دەرماڵە و شاییستە داراییەكان، گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە عێراقدا دوو یاسا ھەن، یەكێكیان یاسای دەزگای شەھیدانی بەغدایە و ئەوی دیكەیان یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەھیدانە لە ھەرێمی كوردستان، لە ھەندێ شوێن ماف و شاییستەكان وەك یەكن، واتە شتی پێچەوانە لە نێوان یاسای ھەرێم و بەغدادا نییە، بەڵام لە زۆر ڕووەوە مووچە و ئیمتیازاتی بەغدا زیاترن، لیژنەكەیش ھەردووكی پێكەوە رێك دەخات".
وەك عوسمان گوتی، ھەركات ئەو رێنماییانە كەوتنە واری جێبەجێكردنەوە، لیستی شەھیدان و زیندانیانی سیاسیی ھەرێمی كوردستانیش دەچێتە سەر دەزگای شەھیدانی عێراق و ھەموو مافێكیان دەبێت، بێگومان ئەوكات لە ڕووی دابینكردنی مووچە و ھەر بابەتێكی دیكە سوود مەند دەبن، نایشكرێت رۆڵی وەزارەتی كاروباری شەھیدانی ھەرێمی كوردستان نادیدە بگرین، كە ئەمە دەمێكە سەرقاڵی ئەو پڕۆژەیەن.
قائید میرۆ




