٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگای نەینەوا، بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی ناشەرعیدا ناكات

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  نوێنەری كوردانی ئێزدی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێ، لە پارەی كۆنفڕانسی ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە كوێت، 10 ملیۆن دۆلار بۆ رۆژئاوای مووسڵ تەرخان كراوە، نوێنەری پارێزگای نەینەوایشبۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، داوای لە ئیدارەی شەرعیی شنگال كردووە پڕۆژە پێشكەش بكەن و مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی ناشەرعیدا ناكەن.

 

لە ماوەی رابردوودا، كۆنگرەی كوێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق ئەنجام درا و تێیدا كۆمەك و هاوكاری لەلایەن وڵاتانەوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی لە عێراق بە هۆی شەڕی داعشەوە وێران بوونە، كۆ كرایەوە، بەڵام تاوەكوو ئێستا پارەكە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە خەرج نەكراوە.

ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە لیستی برایەتی و پێكەوەژیان، سەیدۆ چەتۆ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تاوەكوو ئێستا حكوومەتی عێراق ئەو پارەیەی لە كۆنفڕانسی كوێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق تەرخان كراوە، خەرجی نەكردووە و چاوەڕێی خەرجكردنی دەكرێت، بەڵام لە هەندێك شوێن بە هاوكاریی وڵاتان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، ئاوەدانكردنەوە دەستی پێ كردووە و سەرۆكی زانكۆی مووسڵ راسپێردراوە بەو كارە هەڵسێت و ئەو پڕۆژەكان لە فەرمانگەكان وەردەگرێت و جێبەجێیان دەكات، چونكە لە هەر ناوچەیەكدا فەرمانگەكان لە رێگەی بەڕێوەبەرەكانەوە پڕۆژە پێشكەش دەكەن، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت پارەكە خەرج بكرێت و پڕۆژەكان جێبەجێ بكرێن".

چەتۆ گوتیشی: "بۆ ئاوەدانكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ، كە شنگالیش لەخۆ دەگرێت، 10ملیۆن دۆلار لە پارەی كۆنفڕانسی كوێت تەرخان كراوە، بۆیە نوێنەری ئیدارەی پارێزگای نەینەوا بۆ ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ داوای لە ئیدارەی شەرعیی شنگال كردووە پڕۆژەكانیان پێشكەش  بكەن و، بەڕێوەبەری فەرمانگەكانیش هەر یەكەیان پڕۆژەی خۆی پێشكەش كردووە، چونكە ئەوان مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی ناشەرعیدا ناكەن كە حەشدی شەعبی دایانناوە".

نوێنەرەكەی كوردانی ئێزدی، ئاماژەیشی دا: "بۆ گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعیی شنگال، بڕیار دەرچووە، بەڵام زۆرینەی ئاوارەكان كە 80%دەبن، هێشتا لە سنووری پارێزگای دهۆكن و لەوێ كارەكانی ئەوان رادەپەڕێنرێت، بەڵام چاوەڕێ دەكرێت لە ماوەیەكی نزیكدا ئەوانیش بگەڕێنەوە".

 

بڵند ئیبراهیم   

هەواڵی پەیوەندیدار