٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەناف حەسەن: ژمارەیەكی زۆری كارتی دەنگدەران نەگەڕاونەتەوە بۆ ھەرێم

سەرچاوە: KDP.info

 

نەینەوا-KDP.info- بەرپرسێكی كورد لە پارێزگای نەینەوا ئاشكرای كرد، دوێنێ ژمارەیەك كارتی دەنگدانی ئاوارەكانی مووسڵ گەیەندراونەتە ھەرێمی كوردستان و دەشڵێ، ژمارەیەكی زۆری كارتی دەنگدەران لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراقەوە گل دراونەتەوە و، نیەتی خراپیان بۆ سووتانی دەنگی كورد ھەیە.

مەناف حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی مووسڵی ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوێنێ كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ١١٥ ھەزار كارتی دەنگدەرانی مووسڵی گەیاندووەتە ھەرێمی كوردستان كە تایبەتە بە دەنگدەرانی ئاوارەی پارێزگای نەینەوا ئەوانەی لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن، ئەویش بەو شێوەیەیە كە، ٦٣ ھەزار كارت بۆ پارێزگای دھۆك، ١٥ ھەزار كارت بۆ پارێزگای ھەولێر و ٦ ھەزار كارتیش گەیەندراونەتە سلێمانی، تا لە رێگەی بنكەكانی كۆمسیۆنەوە بەسەر دەنگدەرانی ئاوارەدا دابەش بكرێن".

لە ھەر چوار پارێزگای ھەرێمی كوردستان، تا ئێستا نزیكەی ٤٥٠ ھەزار دەنگدەری پارێزگای نەینەوا ھەن و نیوەی ئەو دەنگدەرە ئاوارانە لە سنووری پارێزگای دھۆك نیشتەجێن و ٧٥%ی كوردن، بەڵام لە كۆی ئاوارەكان تەنیا ١٧٠ ھەزار كەس بەشدارییان لە پڕۆسەی بایۆمەتریدا كردووە.

بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ ئەوەیشی خستە ڕوو: "ژمارەیەكی زۆری كارتی دەنگدەران لەلایەن كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی عێراقەوە گل دراونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە بۆ ھەرێمی كوردستان، تا ئاوارەكان بێبەش بكرێن لە پڕۆسەی دەنگدان، چونكە زیاتر لە ١٧٠ ھەزار ئاوارە بەشدارییان لە بایۆمەتریدا كردووە و بەغدا تەنیا ١١٥ ھەزار كارتی گەڕاندووەتەوە".

حەسەن هەروەها دەڵێ: "لە مووسڵ و بەغدا زانیاریمان ھەیە ھەوڵێكی زۆر دەدرێت ئەو كارتانەی دەنگدەرانی مووسڵ نەدرێتەوە، چونكە ئەوان دەزانن زۆربەیان دەنگدەری كوردن و كاریگەری دەبێت لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە پارێزگای نەینەوا، ئەویش لە بەرژەوەندیی كورددا، بەداخەوە پێویستە كورد پێداگری بكات لەوەی ھەموو كارتی دەنگدەرانی كورد و ئەوانیش دیكەیش بگەڕێندرێنەوە بۆ دەنگدەران و بێبەش نەكرێن لە مافی یاسایی خۆیان".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار