له سنووری قه‌ره‌ته‌په حه‌شدی شه‌عبی خەڵکی کورد و سوننە دەستگیر دەکەن
__2018_04_03_h17m27s21__HK.jpg)
قه‌ره‌ته‌په-KDP.info- به‌رپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان له سنووری قه‌ره‌ته‌په گوتی، كه‌مێك پێش ئێستا حه‌شدی شه‌عبی و هێزه عێراقییه‌كان ده‌ستیان به بۆردوومانی گونده‌كانی سه‌ر به قه‌ره‌ته‌په كردووه، به‌و هۆیەوە خه‌ڵكه‌كه ئاواره بوونه و دوو منداڵیش گیانیان له‌ده‌ست داوه.
ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه حه‌شدی شه‌عبی و هێزه عێراقییه‌كان له سنووری قه‌ره‌ته‌په به بیانووی داعش ده‌چنه سه‌ر گونده‌كانی كورد و سوننه و خه‌ڵكه‌كه ده‌رده‌كه‌ن و گه‌نجه‌كانیش ده‌ستگیر ده‌كه‌ن و پێش دوو ڕۆژیش شوانێكی كوردیان گولله‌باران كرد و تا ئێستاش له سنووری قه‌ره‌ته‌په و جه‌باره به ده‌یان گوند له ترسی ئه‌وان ماڵه‌كانیان چۆڵ كردووه و ئاواره بوونه.
كه‌مال ئیبراهیم، به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "كه‌مێك پێش ئێستا له قه‌ره‌ته‌په حه‌شدی شه‌عبی و هێزه عێراقییه‌كان ده‌ستیان به هاوەنبارانكردنی گونده‌كان كردووه و به‌و هۆیه‌وه له گوندی سعادات دوو منداڵ گیانیان له‌ده‌ست داوه و خه‌ڵكه‌كە‌یشی ڕایان كردووه."
كه‌مال ئیبراهیم گوتی: "خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه‌ی سنووره‌كه كه كورد و سوننه‌ن هه‌مووان گونده‌كانیان چۆڵ كردووه و ئاواره بوونه، چونكه ئه‌و هێزانه نیازیان وایه كه ئه‌و خه‌ڵكه گونده‌كان چۆڵ بكات و ئه‌و ناوچانه‌ش بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌كار بێنن."
كه‌مال ئیبراهیم گوتیشی: "دۆخه‌كه زۆر خراپه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی خه‌ڵك ده‌ستگیر ده‌كات و ده‌ریان ده‌كات و خه‌ڵكه‌كه‌ش ناچارن ماڵه‌كانیان جێ بێڵن."
بڵند ئیبراهیم




