٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا بەهجەت: ئه‌و هێزەی عێراق كه‌ هاتوونەتە سنووری رەبیعە بۆ پاراستنی سنوورەكانه‌

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- فەرماندەیەكی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی رایدەگەیێنێت، ئەو هێزەی عێراق كە هاتوونەتە سنووری رەبیعە بۆ پاراستنی سنوورەكان لە تیرۆریستانە و دەشڵی: "بوونی سوپای عێراق لە هەر شوێنێك، بێ حەشد نابێت".

 لیوای 73ی سوپای عێراق، لە سنووری نێوان عیراق و سووریا و ناوچەی ڕەبیعە جێگیر كراون، بە پێی زانیارییەكان، ئەو لیوایە چەكی قورسی جۆراوجۆریان پێیە، تەنانەت فڕۆكەی جەنگی و چەندین تانك و زریپۆشی سەربازییشیان لایە.

لیوا بەهجەت تەیمەز سێلكی، ئەندامی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایدەگەیێنێت: "بەپێی زانیارییەكانیان، ئەو لیوایە بۆ پاراستنی سنووری نێوان عێراق و سووریا هاتوون و لە مەحموودییە و رەبیعە بڵاوەیان پێ كراوە".

ئەو فەرماندەیە ئەوەیشی روون كردەوە، كە ئەو لیوایە بۆ پاراستنی سنوورەكەیە لە دزەكردنی تیرۆریستان لەوێن و، بڕیاریشە ئەو سنوورە تەلبەند بكرێت، رەتیشی دەكاتەوە كە لە ئێستادا هیچ مەترسییەكی ئەو هێزە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە هەبێت.

لەمەڕ بوونی حەشدی شەعبییش لەگەڵ لیواكەی سوپای عێراقدا، لیوا بەهجەت نایشارێتەوە، كەوا هیچ هێزێكی سوپای عێراقی بێ بوونی حەشد نییە و لەوێیش بوونیان هەیە.

ئەمەیش لە كاتێكدایە، كە دوێنێ وەزیری ناوخۆی عێراق، قاسم ئەعرەجی، رایگەیاند، لەگەڵ هەریەكە لە وڵاتانی سعوودیا و كوێت و ئوردن بۆ پاراستنی سنوورەكانیان لە مەترسیی تیرۆریستان گەییشتوونەتە رێككەوتنێكی سەربازی.

 

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار