٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکگرتوو: هەر حزبێکی كوردستانی بارەگا لە خورماتوو بكاتەوە، لە چوار كڵاشینكۆف زیاتری لانابێت

سەرچاوە: KDP.info

 

خورماتوو-KDP.info-  بەرپرسی لقی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە خورماتوو دەڵێ، لە ئێستادا بەشێك لە لایەنە كوردستانییەكان بارەگای خۆیان لە شاری خورماتوو كردووەتەوە و، بە چوار كڵاشینكۆفیش پارێزگاری دەکەن.

پێش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، كورد لە خورماتوو هەموو دەستەڵاتێكی هەبوو، بەڵام دوای خیانەتەكە، حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان دەستیان بەسەر شارەكەدا گرت و، لە ئێستادا كورد هیچ دەستەڵاتێكی لەو شارە نەماوە و هەموو دەستەڵاتەكان لە دەستی ئەواندایە، ئێستایش بەشێك لە لایەنە سیاسیەكان بارەگای خۆیان لە شارەكە كردووەتەوە، بەڵام قورساییەكی ئەوتۆیان نییە وەكوو پێشتر.
فەرمان عەبدوڵڵا بەرپرسی لقی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، كە دۆخی شارەكە تێك‌چووبوو و دواتر هێزی بەرپەچدانەوەی خێرا هاتن، شارەكە ئارام بووەتەوە و لە ئێستادا لایەنە كوردستانییەكان گەڕاونەتەوە بۆ شارەكە و بارەگای خۆیان كردووەتەوە، لەوانە گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی و حیزبی شیوعی  و، بڕیارە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش بگەڕێتەوە".

عەبدوڵڵا گوتیشی: "هەر حیزبێكی سیاسی بیەوێت بارەگای خۆی بكاتەوە، پێویستە نووسراوی فەرمی بۆ دەزگا ئەمنییەكانی شارەكە بكات و مۆڵەتی پێ دەدرێت، بەڵام بۆی هەیە تەنیا چوار كڵاشینكۆفی هەبێت بۆ پارێزگاریكردن لە بارەگاكەی و، لەمە زیاتر رێگەی پێ نادەن چەكی هەبێت".
ئەو بەرپرسە دەشڵێت: "ئەوەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەبەر ئەوەی بارەگاكەیان مەڵبەندی 16ی حەمرینە، بۆیان هەیە 12 كڵاشینكۆفیان پێ بێت".
ڕوونیشی كردەوە: "تا ئەو هێزە لێرە بێت، ئەمنییەت پارێزراوە و ئەو هێزە هەوڵی داماڵینی چەك دەدات لە شارەكە و، حەشدی شەعبییش لەسەر شاخ و دەرەوەی شار و فڕۆكەخانەی سدیق بوونیان هەیە و هەوڵی ئەوە دەدەن ئەو هێزە دەربكەن و خۆیان بگەڕێنەوە بۆ شارەكە، بەڵام تا ئێستا حكوومەتی عێراق رەزامەندی نەداوە، چونكە ئەوان دەیانەوێت خۆیان لە خورماتوو باڵادەست بن".

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار