٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەغدا، لە كەركووك هەوڵی گۆڕینی ئەنجامی ھەڵبژاردن دەدات

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك-KDP.info-  ڕەوانەكردنی ھێز بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان لەلایەن بەغداوە بەردەوامە و، بۆ یەكەم جار ھێزێكی تایبەتی حەشدی شەعبی رەوانەی كەركووك كراوە، گوتەبێژی پارتییش لە كەركووك دەڵێ، ئەو ھێزانەی رەوانەی كەركووك دەكرێن، بۆ گۆڕینی ئەنجامی ھەڵبژاردنی مانگی داھاتووە.

عەدنان كەركووكی گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حكوومەتی عێراق بەردەوامە لە ھاوردەكردنی ھێز بۆ شاری كەركووك و، بەر لە چەند رۆژێك دوو لیوای دیكەی ھێناونەتە سنووری كەركووك، بەڵام ئەوەی گرینگە ئەوەیە، بۆ یەكەم جار بەغدا ھێزێكی تایبەتی حەشدی شەعبی رەوانەی كەركووك كردووە، كە ئەمە بۆ جاری یەكەمە ھێزێكی وەھا دێتە كەركووك و بە گوتەی خۆیان مەلەفی ئەمنی بەڕێوە دەبەن و بە ھاوبەشی لەگەڵ دژەتیرۆری خۆیان، پۆلیسی فیدڕاڵی و حەشدی شەعبی، سنووری قەرەھەنجیر و پردێیان پێ سپێردراوە، ئەوەیشی پێشبینی دەكرێت تا ١٢ی نیسان كاتی دەستپێكردنی پڕوپاگندەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھێزی زیاتر رەوانەی سنووری كەركووك بكرێت".

كەركووكی گوتیشی: "وەك زانیارییەكان ئاماژەی بۆ دەكەن، ھێزێكی زۆری حەشدی شەعبی رەوانەی كەركووك دەكرێت، ھیچ ھێزێكی سوپا و ھێزی دیكەی وەك پۆلیسی تێدا نییە، مخابن بە بۆچوونی خۆم ئەو ھێزانەی حەشد رەوانەی كەركووك دەكرێن كە نێوانیان لەگەڵ كورد خۆش نییە، وەك عەسائیب ئەھلولحەق، دیاریشە ھێنانی ئەو ھێزانە بۆ مەبەستی كاریگەریدانانە لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردن ئەگەر بكرێت".

لەبارەی دەنگۆی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ كەركووك، گوتەبێژەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بە فەرمی ھیچ نیەتێك نییە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە، ئەوەیشی بڵاو دەكرێتەوە لەوەوە ھاتووە كە، شاندێكی ھاوپەیمانان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە كۆ بوونەتەوە و پێشنیازی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەیان كردووە، بەڵام عێراق بەو مەرجە رازی بووە پێشمەرگە بگەڕێتەوە كە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان لە ژێر فەرمانی ئەواندا بن، دیارە وەزارەتی پێشمەرگەیش ھەڵوێستی نیشان داوە، كە پێشمەرگە وەك بەر لە ٢٠١٤ دەگەڕێتەوە، واتا ژووری ھاوبەش ھەبێت و عێراق و ھەرێم و ھاوپەیمانان پێكەوە بەڕێوەی ببەن، نەك وەك بەغدا دەڵێ، لە ژێر فەرمانی ئەواندا بن".

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار