٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

٨٠%ی خەڵک گەڕاونەتەوە گوێڕ

سەرچاوە: KDP.info

گوێڕ-KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ، سەر بە قەزای مەخموور ئاشکرای کرد، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ٥٠٠ خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە گوێڕ و دەشڵێ، ھەر خێزانێک پەیوەندی بە گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە ھەبێت ڕێگەی پێ نادرێت بگەڕێتەوە گوێڕ، لەبارەی ڕەوشی ئەمنیشەوە ڕوونی کردەوە، گوێڕ لە ژێر دەستی پێشمەرگەدایە و ھێزەکانی عێراق لە دەرەوەی گوێڕن.

 

ھێرش حوسێن، بەڕێوەبەری شارەدێی گوێڕ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شارەدێی گوێڕ دەستی پێ کردووە و توانیومانە ٥٠٠ خێزانی شارەکە بگەڕێنینەوە سەر شوێنەکانیان، بە پێی دواین ئاماریش ٨٠%ی دانیشتوانی گوێڕ گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، ئەوانەیشی ماون، یان  ھاووڵاتیی کوردن لە ھەولێر کاری باشتریان دەست کەوتووە، یانیش ئەو عەرەبانەن، کە لە مووسڵ گیریان خواردووە و ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان."

 

لەبارەی ئەو خێزانانەی گوێڕ کە پێشتر دەستیان لەگەڵ گرووپی تیرۆرستیی داعش تێکەڵ کردبوو، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ گوتی: "ھیچ کەسێک لەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوە ھەبوو، نەگەڕاونەتەوە بۆ گوێڕ و ڕێگەشیان پێ نادرێت، بگەڕێنەوە، بەڵام لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، ئەو خەڵکانەی چەکداری داعش بوون و کوژراون، وەک ئەرکێکی مرۆیی ڕێگە بە خێزان و منداڵەکانیان دەدرێت، بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، ئەویش بە مەرجێک سێ فلتەر دانراوە بۆ پاکسازییان و بەو شێوەیە بڕیار لەسەر گەڕانەوەیان دەدرێت."

 

ناحیەی گوێڕ ٣٠ کم دەکەوێتە باشووری شاری ھەولێر و لە ڕووی ئیدارییەوە سەربە قەزای مەخموورە، لە کاتی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەکە گوێڕ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی تیرۆریستان و دواتر پێشمەرگە توانی ئازادی بکاتەوە.

 

بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەماھەنگییەکی تەواوامان لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان ھەیە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ شارەدێی گوێڕ، چەندین پڕۆژە پێشکەش کراون، لەوانە ژمارەیەک قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی ھەموو فەرمانگەکانی حکوومەت، ئێستا ژیان لە گوێڕ ئاسایییە.

 

ھێرش حوسێن لەبارەی  جووڵەی ھێزە عێراقییەکان و مەترسییان بۆ سەر شارەدێی گوێڕ دەڵێ: "ڕاستە بە ھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ھێزەکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدڕاڵ لە نزیک گوێڕ نیشتەجێ کراون، بەڵام سەنتەری شارەدێی گوێڕ لە ژێر دەستی ھێزی پێشمەرگەدایە و ئەوان، واتە ھێزە عێراقییەکان لە بەری مووسڵن و پێشمەرگە لە نێو گوێڕدایە و ھیچ مەترسییەکی ئەوتۆش بەدی ناکەین."

 

قائید میرۆ

 


 

هەواڵی پەیوەندیدار