٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سوپای ئازادی سووریا، گۆڕینی ئایینی بەسەر ئێزدییەكاندا سەپاند

سەرچاوە: KDP.info

 

دهۆک-KDP.info-  بەرپرسی كۆمەڵەی ئێزدییان لە عەفرین رایگەیاند، ئێزدییەكان لە عەفرین ڕووبەڕووی كۆمەڵكوژی بوونەتەوە و، سوپای سووریای ئازادیش گۆڕینی ئایینی بەسەریاندا سەپاندووە.

سوعاد حەسۆ بەرپرسی كۆمەڵەی ئێزدییان لە عەفرین، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند، دوای هاتنی سوپای سووریای ئازاد بۆ ناوچە ئێزدینشینەكان لە عەفرین، ئایینی ئیسلامیان بەسەر ئێزدیاندا سەپاندووە و هەموو جۆرە پێشلكارییەكیش بەرانبەر ئێزدییان دەكەن.

حەسۆ ئاماژەیشی دا، ئەم هێزە چەكدارانەی كە سەر بە سوپای توركیان، هەموو مەزارگە ئایینییەكانی ئێزدییانیان لەناو بردوون و سوكایەتیی بە هەموو پێكهاتەكان دەكەن.

ناوەندی مێدیایی عەفرینیش، لەسەر ئەم پرسە بابەتێكی بڵاو كردووەتەوە و ڕایگەیاندووە كە ئێزدییەكان لە عەفرین، ئایینی ئیسلامیان بەسەردا سەپێندراوە.

هەر پێوەست بەم پرسە، كەریم سلێمان، راوێژكاری ئەنجوومەنی رۆحانیی ئێزدییان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "پێشتر ئێمە دەمانزانی ئێزدییەكان لە عەفرین تووشی كۆمەڵكوژی دەبنەوە. بۆیە داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین هەرچی زووترە بە هانای ئێزدییەكانی عەفرینەوە بێن".

پێشتریش حازم تەحسین بەگ، نوێنەری میری ئێزدییان داوای لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردبوو ئێزدییانی عەفرین بپارێزن، چونكە برینیان قووڵە و بەرگەی هیچ ناخۆشییەكی دیكە ناگرن.

ئێزدییەكان لە سووریا، كە لە جەزیرەی فورات و چیای حەلەب و عەفرین نیشتەجێن، ژمارەیان بە ڕوونی دیار نییە، چونكە لە دوای شۆڕشی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ـدا، زۆربەیان ئاوارە بوون.

كـــاروان بـــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار