٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حەشد، لە قەرەتەپە و جەبارە دەستی كردووە بە كوشتن و ئاوارەكردنی خەڵك

سەرچاوە: KDP.info

 

قەرەتەپە-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی لە قەرەتەپە ڕایگەیاند، حەشدی شەعبی دوو رۆژە بە بیانووی ئۆپەراسیۆنەوە، دەستی كردووە بە كوشتن و دەستگیركردن و دەركردنی كوردەكان لە سنووری قەرەتەپە و جەبارە و، شەوی رابردوویش خەڵكی چەند گوندێك ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە و ئاوارە بوونە.

لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەری پار، حەشدی شەعبی لە سنووری خانەقین بەردەوام  تەعەدا لە كورد دەكات و پرۆسەی بەعەرەبكردنیشی دەست پێ كردووە و، رۆژانەیش بە بیانوونی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و نەهێشتنی داعشەوە، كورد و سوننەكان دەستگیر دەكەن و دەیانكوژن.

لەو بارەیەوە، كەمال ئیبراهیم، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لە قەرەتەپە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حەشدی شەعبی ماوەی دوو رۆژە بە بیانوونی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی داعش، لە سنووری قەرەتەپە و جەبارە دەستی كردووە بە كوشتن و دەستگیركردن و ئاوارەكردنی خەڵك و، دوێنێیش چوونەتە سەر گوندەكانی شاریگول و تەرینقال و لوقم  و حەسرێ و چەند گوندێكی دیكە و، لە گوندی شاریگولیش چوونەتە سەر ماڵەكان و تەقەیان لە خەڵكی كردووە و زۆریان ئەزیەت داون، ئەو گوندانەیش كورد و توركمانی سوننەن و دوو شوانیشیان بردوونە كە یەكێكیان كوردە بە ناوی جوامێر عەبدولمەجید حەمید و، ئەوەی دیكەیش عەرەب بووە و پاش چەند سەعاتێك، تەرمی شوانە كوردەكە لە نزیك خورماتوو دۆزراوەتەوە و عەرەبەكەیشیان ئازاد كردووە، هەروەها شەوی رابردوویش چوونەتەوە سەر گوندەكە و 5 كەسی دیكەیان دەستگیر كردوون و زیانی زۆریشیان بە گوندەكان گەیاندووە".

ئیبراهیم گوتیشی: "هەر شەوی رابردوو، حەشدی شەعبی پەیوەندی بە خەڵكی گوندەكانەوە كردووە كە ئەگەر تا بەیانی لەوێ بمێنن، هەموویان دەكوژن، بۆیە لە دوێنێوە ئاوارە بوونە، بە تایبەت گەنجەكان هەر زوو رایان كردووە لە ترسی ئەوەی حەشدی شەعبی بیانكوژێت، ئەمەیش بۆ داعش نییە، بەڵكوو بۆ سەركوتكردنی كورد و سوننەیە".

بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لە قەرەتەپە زیاتر گوتی: "داعش لە سنووری ئەو گوندانە بوونی نییە، بەڵام  لە غەرە و ناوچەكانی حەمرین و عوزێم بە ئاشكرا هەن و، حەشدیش هاتوون ستەم لەو خەڵكە دەكەن، بۆ ئەوەی كورد لە ناوچەكە نەمێنێت و تەعریبی بكەن، گەرنا ئۆپەراسیۆنەكە تەنیا بیانوویەكە و هیچی دیكە نییە".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار