٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زۆربەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی بایکۆتیان شکاندووە

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، زۆربەی نەخۆشخانەکان کراونەتەوە و بایکۆتیان شکاندووە، هاوکات ئاماژە بە مەترسیی فەوتانی ساڵێکی خوێندن لە سلێمانی دەکات، گەر بێتو بایکۆت بەردەوام بێت.

سەمیر هەورامی بەرپرسی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر بەردەوامیی بایکۆتی کارمەندانی تەندرووستی و مامۆستایان، لە شاری سلێمانی دوا و گوتی: "پەروەردەی سلێمانی ئەمڕۆ لەگەڵ یەکێتیی مامۆستایان و سبەی لەگەڵ سەرپەرشتیاانی پەروەردەیی کۆ دەبنەوە و بەیاننامەیەکی هاوبەش دەردەکەن، تێیدا داوا لە مامۆستایان دەکەن بچنەوە قوتابخانەکان، ئەوەش لە پێناو نەفەوتانی ساڵێکی خوێندن لەو شارە".

دوێنێ بەڕێوەبەری تەندرووستیی سلێمانیش دکتۆر سەباح هەورامی بەیاننامەیەکی دەرکرد، کە داوای لە کارمەندانی تەندرووستی سلێمانی کرد بچنەوە نەخۆشخانەکان و کۆبوونەوەشی لەگەڵ سەندیکای پزیشکان، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش کردووە، تێیدا داوای لێیانکردووە، ئەو کارمەندانەی لای ئەوانن، کە دەوامی نەخۆشخانە حکوومییەکانیان هەیە پێیانڕابگەیەندرێت دەوام بکەن، هەورامی ئاماژەی بەوەش دا، کەوا ئەمڕۆ بایکۆت بەشێوەیەک شکێندراوە، لە سلێمانیدا زۆربەی نەخۆشخانەکان کراونەتەوە.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوامبوونی بایکۆتی مامۆستایانی سلێمانی، لە رووی خوێندنەوە بە فەوتانی ساڵێکی قوتابیان و کارەسات بۆ ئەو شارەی ناو دەبات، پێیشی وایە ئەوانەی ئێستا لە بایکۆتکردن بەردەوامن، کەمن.

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار