"بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن، سبەی كۆبوونەوەیەكی فراوان لە سلێمانی ئەنجام دەدرێت"

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەڵێ، مامۆستایان بۆ مووچە خۆپێشاندانیان ئەنجام دا و حكوومەتیش وەڵامی داونەتەوە، بۆیە گەر دەستی سیاسیی لە پشت نەبێت، پێویستە كۆتایی پێ بێت. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن، سبەی كۆبوونەوەیەكی فراوان لە سلێمانی ئەنجام دەدرێت.
لە ماوەی رابردوودا، خۆپێشاندان لەبارەی نەهێشتنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانەوە دەستی پێ كرد و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش وەڵامی داواكاریی خۆپێشاندەرانی دایەوە و بڕیاری كەمكردنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی دەركرد، بەڵام هەندێك لایەن بۆ كۆكردنەوەی دەنگ، خۆیان خزاندە نێو خۆپێشاندانەكان و بەسیاسییان كرد، كە تاوەكوو ئێستایش لە سنووری سلێمانی خۆپێشاندان هەر بەردەوامە.
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، ئەحمەد گەرمیانی، بە ماڵپەی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای دەرچوونی بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی دەستكاریكردنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، لە هەولێر و دهۆك بایكۆتكردن كۆتایی هاتووە و لە سلێمانییش زۆرینەی مامۆستایان بڕیاریان داوە بایكۆت بشكێنن و دەست بە دەوامی خۆیان بكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش بڕیارە سبەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردە و یەكێتیی مامۆستایان و بەڕێوەبەرەكانی قوتابخانەكان ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی كۆتایی بە بایكۆتی خوێندن بێت و پڕۆسەی خوێندن دەست پێ بكاتەوە".
گەرمیانی گوتیشی: "خۆپێشاندان لەبارەی نەهێشتنی پاشەكەوتی مووچەوە كرا و حكوومەتیش وەڵامی خۆپێشاندەرانی دایەوە، پێویستە ئێمەیش چاوەڕێی راگەیاندنی خشتەی مووچە بكەین و هەنگاوێك بێینە پێشەوە و دەست بە دەوام بكەینەوە، بۆیە ئەگەر هیچ ئامانجی سیاسیی لە پشت نەبێت، كۆتایی بە خۆپێشاندان و بایكۆت دێت و، ئەگەر نا بەردەوام دەبن".
وەك سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان ئاماژەی دا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەنجینەكانی خۆی سەرقاڵی دانانی خشتەی نوێی مووچە و دەركردنی رێنماییی تازەن، بۆیە لە ماوەیەكی نزیكدا خشتەی نوێی مووچە رادەگەیێندرێت.
ئەو هەروەها دەشڵێ: "بە داخەوە كاندیدی هەندێك لایەنی سیاسی لەجیاتی خۆپێشاندان، خۆیان نیشان دا و داواكاری و ناڕەزایەتی و بەدبەختیی خەڵكی كوردستانیان بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان قۆستەوە، بەڵام پێویست بوو هەر لە سەرەتاوە خۆپێشاندەران رێگەیان بەمانە نەدابووایە و رێگرییان لێ كردبان، چونكە ئەمانە خەمی خەڵكیان نییە".
بڵند ئیبراهیم




