حەشدی شەعبی لە خورماتوو ماڵی ھاووڵاتییانی کورد تاڵان دەکات

خورماتوو-KDP.info- لەنێو قەزای خورماتوو حەشدی شەعبی دەستی بە تاڵانکردن و سووتاندنی ماڵ و بازاڕی کوردەکان کردووە و بەرپرسێکی ناوچەکەش دەڵێت، دەیان خەڵکی سڤیلی کورد و خۆبەخش لە لایەن حەشدەوە شەھید کراون.
(ڕەهێڵ جاف)، کارگێڕی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەوەی لە قەزای خورماتوو ڕوو دەدات ئەوەیە ھێزەکانی حەشدی شەعبی کەوتوونەتە تاڵانکردنی ماڵی ھاووڵاتییانی کوردی نێو قەزاکە و ھەموو دووکانی ھاووڵاتییانی کورد و بارەگای پارتە کوردییەکان سووتێندراون و تالان کراون، خەڵکەکەیشی ئاوارەی ناوچەکانی داودە و زنان و نەوجول بوونە، بەشێکی ئاوارەکانیش گەیشتوونەتە سنووری ھەولێر و سلێمانی، چەکدارانی سەر بە حەشدی شەعبی دەیان ھاووڵاتی و پێشمەرگە و خۆبەخشیان لە نێو قەزای خورماتو شەھید کردووە و بەشێک لەو شەھیدانە لە لایەن حەشدەوە تەرمەکانیان بە دوای تانک و ھەمەرەوە ڕاکێشراون و ژمارەیەک شەھیدیش تەرمەکانیان دیار نییە.''
(ڕەهێڵ جاف) دەڵێت: ''ئەوەی لە خورماتو ڕوو دەدات ئەنفالێکی دیکەیە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێت، بەداخەوە بۆ ئەو دەسەڵاتەی لەوێ سەرکردایەتی و نوێنەرایەتیی کوردیان دەکرد، ئەوەی بە سەد ساڵ بەدەستمان ھێنا لە چەند کاتژمێرێکدا لەدەستمان دا، کە بە ڕێککەوتنی نھێنی خورماتوو چۆڵ کرا.''
(ڕەھێل) ئاماژەیشی دا: ''داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین ھەرچی زووە بە ھانای خەڵکی خورماتووەوە بچێت بۆ ھاوکاریکردنیان، چونکە ژمارەیەکی زۆر لەو کوردانەی ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ ھێشتووە، بەبێ خۆراک و پێداویستیی ڕۆژانە ماونەتەوە و منداڵەکانیان لە خوێندن بێبەش بوونە.''
قائید میرۆ




