فازڵ میرانی:بارودۆخی سووریا جێی نیگەرانیە و ئەگەر باری نێوخۆیی عێراق چارەسەر نەكرێت ئەوا بێگومان كاریگەریی بەسەر عێراقەوە دەبێت

لە كۆڕێكی حزبیی فراواندا فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی چەندین تەوەری گرنگی بارودۆخی سیاسیی ئەمڕۆی كوردستان و عیراق و ناوچەكەی خستەڕوو. هەروەها نیشانیدا یەكڕیزیی ئەمڕۆی كوردستان پێویستییەكی گرنگە بۆ ئەو قۆناغە مێژووییەی ئێستا كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان بەگشتی پێیدا تێدەپەڕێت. میرانی لەو كۆڕەی لە هۆڵی پێشەوا لە پایتەخت ئەنجامیدا سوپاسی بەرپرسی لقی دوو و كادیرو ئەندامانی لقی كرد بۆ سازدان و ئامادەبوون لەم كۆڕە و گرێدانی كۆڕی لەمجۆرەی بە پرسێكی گرنگ زانی بۆ ئاگادار بوون لە دوایین بارودۆخی كوردستان و ناوچەكە و باسكردنی دیدی حزب لەبارەیانەوە بەو پێیەی ئینتیمایەكی هاوبەش هەمووان كۆدەكاتەوە.
عێراق، وڵاتی توندوتیژی
فازڵ میرانی تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئەمڕۆی عێراق بە بوونی بە وڵاتێكی فیدراڵ وەكو ئەزموونێكی تازە لەناوچەكە دوای ئەوەی لەساڵی 2003 قەوارەی هەرێمی كوردستان بوو بە قەوارەیەكی ڕەسمی لەچوارچێوەی عێراق ئەگینا بەر لەو مێژووە كورد ئەو ئەزموونەی هەبووە، ئاماژەی بەوەداعیراق لە مێژەوە وڵاتێك بووە توندوتیژی وشەڕانگێزیی تیادا هەبووە و نموونەی بە كتێبێكی باقر یاسینی سەركردە لە حزبی بەعس هێنایەوە كە بەناوونیشانیتاریخ الارهاب فی العراق بوو كە تیایدا سەلمێندراوە لەساڵی 1700ـەكانەوە تیرۆر تیایدا هەبووە و نیشانیشیدا گرفتی ئەمرۆ تەنها لەنێوان كورد وعیراقدا نییە بەڵكو لەنێوان هەموو عیراقیانە دووپاتیشیكردەوە مەرج نییە گرفتی ئەمڕۆی عیراق تەنها خەتای لایەنی بەرامبەر بێت ئاماژەی بەوەشدا تاوەكو ئێستا لایەنی بەرامبەر بەبیریكی تەسكی نەتەوەیی بیردەكەنەوە وئایین لەلای ئەوان لەوكاتە دەستپێدەكات كە كورد داوای مافی خۆی دەكات ودەڵێن ئێمە برای یەكترین وگوتی: پێویستە یەكەمین كەس ئێمە یەقەی خۆمان بگرین و بڵێین ئەدای ئێمە باش نەبووە لە بەغدا وڕەخنە ئاراستەی خۆمان بكەین بەڵام هۆكاری سەرەكیی دروستبوونی ئەو قەیرانانە مانەوەی ئەو چوارچێوە تەسكەیە كە حوكمڕانانی عێراق كردوویانەتە بنەمای حوكمی خۆیان وتاوەكو ئێستاش لەو باوەڕەدان كە نەتەوەی دیكەی ژیاو لەگەڵ نەتەوەكەی خۆیان بتوێننەوە،لەوانەیە بڵێن خەتاكە مالیكییە لەو كاتەی كە مام جەلال سەرۆكی كۆمارە، بەڵام كە مام جەلالیش سەرۆك كۆمار نەبوو مالیكیش سەرۆك وەزیران نەبوو ئەو گرفتانە هەر هەبوون، وحەزدەكەم لێرە هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ جەنابی مام جەلال بخوازم چونكە نەبوونی جەنابیان بۆ هەموومان زەرەرە وهیوادارم هەرچی زووە بگەڕێتەوە سەر كاری خۆی وچاك ببێتەوە. ڕاستە هەبوونی كەس لەدەسەڵات كاریگەریی بەسەر بارودۆخی گشتی هەیە بەڵام هەموو هۆكارەكە لەسەر شانی ئەو نییە كەواتە ئێمە گرفتمان لەعێراق گرفتی كەس نییە بەڵكو گرفتی شێوازی بیركردنە بە هەبوونی كەسانێك كە دەیانەوێ نەتەوەی خۆیان بەسەر كەسی دیكەدا زاڵبكەن وخۆیان بە بەرزتر لە خەڵك بزانن بۆ نموونە بەحرێن 28 كیلۆمەترە و دانیشتوانی بەقەد كەسنەزانن، ئەوان بۆیان هەیە دەوڵەتیان هەبێت بەڵام بۆ كورد نییە ئەو شتە ببێت بۆیە لەڕووی ئیسلامبوونی ئەوانەوە ئێمە تەنها لە ئەرك لەگەڵیاندا یەكسانین و كەداوای مافی خۆمان دەكەین ئەوا یەكسان نین.
سیاسەتی كورد لەڕابردوو و ئێستادا
هەروەها میرانی نیشانیدا سیاسەتی كورد لەرابردوودا كەمبینیی تیادا بەدیدەكرا بەبەڵگەی ئەوەی لەهەڵبژاردنی2010 دا كورد بەیەك لیستی دانەبەزی ئەگینا لە كەركووك دەبووینە خاوەنی8 كورسی لە پەرلەمانی عیراق ودووپاتیشیكردەوە كە جگە لەوەی ئەمە شێوە هەڵەیەك بوو لە لایەن حزبە كوردستانییەكانەوە بەڵام هەڵەیەكی حیسابیش بوو كە پەیوەندیی بە شێوازی حیساكردنی دەنگەكانەوە هەبوو هەروەها ئەوەی دووپاتكردەوە لایەنی بەرامبەر ویست وخواستەكانی كورد لەگەڵ ئەو خەبات و تێكۆشان و ڕابردوو و كوشتار و كۆمەڵكوژی لەدژی ئەم گەلە و ئێستای و واقیعی ئەم گەلە لێكناداتەوە و هەمیشە ویست وخواستی كوردیان بە زێدەڕۆیی لەقەڵەمداوە لەكاتێكدا ئەوەی پێی دەگوترێ زێدەڕۆیی بە خۆپیشاندان دێتەدەست بەڵام ئەوان لەو شتە تێناگەن ومێشكی بیركردنەوەی دیموكراسییان زۆر تەسك وبچووكە و ئەوان نە دابەشكردنی كوردستان و نە ئەنفال و نە كیمیاباران و نە خزمەتە گەورەكانی كورد بۆ نەتەوەكەیان وبۆ ئایینی ئیسلامیان نایەتە بەرچاو لەكاتێكدا ئەوان واتا نەتەوەی عەرەب 22 دەوڵەتیان هەیە كە ئایا ڕابردوویان بەقەد كورد قوربانیی تیادایە؟ هەروەها گوتی:مەبەستی ئێمە هیچ یەك لەدەوڵەتانی ئەوان نییە بەڵام ئەگەر بەراوردییەكی سەردەمییانە بكرێت با قوربانییەكانی هەردوو نەتەوە بەراورد بكرێت بزاندرێت كامەی زیاترە وبا ئەوەش بزاندرێت ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لە مافی هاووڵاتیبوون ومافی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی زمان نەتەوە یەكگرتووەكان جەختی لەسەر دەكاتەوە، ئەوان جیابوونەوەی كوردیان لەلا بۆتە دێوەزمە دە خۆ مافی ئێمەیە وەكو برا لەگەڵ حكوومەتی عێراق دابنیشین و ماڵی خۆمان بەوپەڕی ڕێزەوە لەیەكتر جودا بكەینەوە وەك چۆن چیك وسلۆڤاكەكان كردیان.
هاوپەیمانیی كورد و شیعە
لەبارەی هاوپەیمانیی نێوان كورد وشیعەوە میرانی ئاماژەی بەوەدا ئەو كەسانەی هاوپەیمانیی كورد و شیعە بە زەواجی موتعە و درۆ لەقەڵەمدەدەن یان شیعە نین یانیش مێژوویان نەخوێندۆتەوە ئەو هاوپەیمانییە لەدژی كەسدا نییە وزێدەڕۆیی حاكمێكی شیعە واتای ئەوە ناگەیەنێت كورد لەدژی شیعەیە، هەروەها ستایشی ڕۆڵی مەرجەعەكانی شیعەی كرد كە پابەندی فەتوای ئیمام موحسین حەكیم بوون بە حەرامكردنی شەڕ لەدژی كورد ئەوەشی دووپاتكردەوە كورد بەرژەوەندیی لەوەدا نییە ببێتە لایەنێك لەشەڕی شیعە وسوننە چونكە كورد كێشەكەی نەتەوەییە. هەروەها گوتی : گرفتی ئێمە لەحوكمڕانیدا لەگەڵ هەردوولایە وسەرۆك وەزیرانیش ئێستا تەنها لەگەڵ كورد گرفتی نییە بەڵكو لەگەڵ هەموو لایەنەكان گرفتی هەیە لەگەڵ سەدرییەكان ومەجلیسی ئەعلا و فەزیڵە و سوننە و خودی مەرجەعییەش. بێگومان هەر ناكۆكییەكیش لەنێوان هەردوولادا دڵی كورد ناڕەحەت دەكات بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت كە كورد ببێتە بەشێك لە ناكۆكی وململانێی نێوان هەردوولادا وهەڵقورتاندنی كورد لەو شەڕە هیچ بەرژەوەندییەكی بۆ كورد نییە چونكە ناكرێ كورد خۆی بكاتە لایەنێك لەم ناكۆكییە وكورد هیچ پێویستییەكی بەو لاسەنگییە نییە لە گەڵ یەكێك لە لایەنەكان.
كورد دەرگای گفتوگۆ داناخات
سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەوەی خستەڕوو مالیكی بەو دژایەتییەی لەگەل كورد كورد وكوردستانییەكانی یەكخست و وایكرد بەیەك گوتارەوە قسە بكەن و نیشانیدا هیچ كاتێكیش كورد نەیویستووە دەستكەوتەكانی كورد لەدەستبچێت بەڵكو دەبێ گەشەی پێبدرێت دووپاتیشیكردەوە كورد هیچ كاتێك دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە بەڵام كەكورد نەیتوانی بەغدا لاواز بكات پێویستە خۆی بەهێز بكات چونكە بەغدا خۆی دەستیپێكرد وخۆی شەڕی بەكورد فروشت وهاتەسەر خاكیكی دابڕێندراوی كوردستان وپێویستە كورد وسەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لەكشانەوەی هێزی سەربازی دا دەستپێشخەر نەبێت چونكە لایەنی بەرامبەر لەشەڕ فرۆشتن دەستپێشخەربوو لەبەرژەوەندیی كوردیش دانییە ئێستا هێزەكانی خۆی بكێشێتەوە تا ئەو كاتەی هێزەكان لەنێوان هەردوولادا هاوسەنگ بن بەراوردیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا میرانی بە ئەركی سەركردایەتی و میدیای كوردستانی زانی خەڵك لەبارودۆخی ئێستا ئاگادار بكاتەوە و لەبوونی هەر كەموكوڕییەك دا خەڵكەكە هۆكارەكەی بزانێت لە بەراوردكردنی بارودۆخی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان فازڵ میرانی نیشانیدا خەلكی كوردستان زۆر لەوەی ئیستا شایستەی پێشكەوتنە بەڵام شتی زۆر باشیش بۆ ئەم وڵاتە كراوە ونیشانیدا ئەگەر كرا پێویستە هەر جارە و گرووپێك لەخەڵكی كوردستان بچنە بەغدا و بارودۆخی ئەوێ بەچاوی خۆیان ببینن و لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەراوردی بكەن وبابزانن چۆن لە نەبوونی ئاسایش وئارامی و بێ كارەباییدا دەژین لە هەمانكاتیشدا ئاماژەی بەوەدا ناكرێ ئێمە تەنها خۆمان بەباش و جوان لەبەرامبەر لایەنە پێچەوانەكەوە ببینین و گوتی: لەدیمانەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە جەنابی مالیكیم تووڕە كرد من گوتم شەرمم بەخۆیە كە دەبینم لەگەڵ ڤییەننا بەراورد دەكرێن بەوەی ئێمە خراپترین شوێنین بۆ ژیان و ڤییەنناش باشترین شوێنە لەو كاتەی ئێمە بە قەد هەموو نەمسا نەوتمان هەیە، بەڵێ ئەوەی لە كوردستان دا هەیە تەنانە بە بەراورد وڵاتانی دراوسێش باشترە بەڵام گەلی كوردستان شایستەی لەوە زیاترە.
بارودۆخی حزب
هەروەها ئەوەی خستەڕوو ئێستا بارودۆخی حزب لەدوای كۆنفرانس سەقامگیرە بەڵام ئەركی حزبیش ئەركی مێژوویی و قورسە وڕووداوەكان ئەركی ئێمە قورستر دەكەن چونكە پێویستە بەرپرسیارێتیی پارتی لەهەمووان زیاتر بێت وپشكی شێر بەر ئێمە بكەوێت ودەستكەوت وبەشی ئێمەش ئاساییە لەگەڵ خەڵكی دیكە بەشبكرێت وجەختی لەسەر ئەوەشكردەوە پێویستە گوتاری هاوبەش گوتارێكی نەتەوەیی هاوبەش بێت وكادیرانی پارتیش بەوە پابەند بن وگوتی: بارزانیی نەمر ئەو حزبەی دانا بۆ ئەوەی كیانێكی نەتەوەیی بۆ كورد دابنێت وقۆناغ بە قۆناغ ئەو ویستە بێتەدی،پێویستە كادیرانی ئێمە گوتاری نەتەوایەتیی نیشتیمانیی هەبێت چونكە ئێمە بەرەو دەوڵەتی نیشتیمانی دەچین چونكە ناوچەكەی ئێمە یەك نەتەوەی تیادا نییە ئەمەش وا دەكات كادیرانی ئێمە تەجاوزی هەموو ناكۆكییەكان بكەن ولەگوتاری توند وگرژ دوور بكەونەوە، ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرۆكی حزبە وسەرۆكی حكوومەت جێگری سەرۆكی حزبە و كادیرانمان یان وەزیرن یان پەرلەمانتارن بۆیە لێرەدا ئەوە دەردەكەوێت كە پارتی ئەركەكەی قورسە. پێویستە حزب دەست لەكاروباری حكوومەت وەرنەدات بەڵام نەوەكو بەو واتا هەڵەیەی كە حزب وحكوومەت لەیەك جیا بكرێنەوە بەڵكو ناكرێ حزب كاری حكوومەت بكات و بەپێچەوانەشەوە، بەرپرسی لق نابێ كاری پارێزگار بكات بەڵكو دەبێ پاڵپشتیی بكات و پارێزگار دەبێ خزمەتی هەموو خەڵك بكات بۆ ئەوەی دەنگ بۆ خۆی و حزبەكەی كۆبكاتەوە، ئێمە دەتوانین لەڕێگەی ئەو فەرمانگە و دەزگایانەی كادیرانی ئێمە تیایدا بەرپرسن یان كار دەكەن گەورەترین خزمەت لەبەرپرسی لق زیاتر پێشكەشی خەڵك بكەین وجیاوازی لەنێوان خەڵكدا نەكەین و هەموویان بەیەك چاو سەیر بكەین كەواتە ئەركی كادیرانی ئێمە ئەركێكی لێكدراوە بەوەی خزمەت بە خەڵك و بە حزبەكەی خۆی لەو ڕێگەیەدا بگەیەنێت بەوەش خەڵكەكە سبەی دەنگ بە حزبەكەت دەدات.ئێمە جاران بەپرەنسیپ كارمان دەكرد ئێستا بەرژەوەندی خەڵك مافی خۆیەتی داوای باشترین خزمەتگوزاری بكات، ئەگەر گلەییمان لەهەر دەزگایەكی حكوومەت هەبێت كە كادیرێكی ئێمەی پارتی تیایدا بەرپرسی بێت ئەوا دەتوانین بانگهێشتی لقی بكەین و گلەیی خەڵكی خۆمانی پێبگەیەنین بەڵام لە دەرەوە بەرگریی لێدەكەم، گازندەی خەڵك پێویستە هەریەك بە پسپۆڕیی خۆی بگاتە شوێنی خۆی پێویستە ئێمە هەمیشە ئەو حزبە بەرەوپێش بخەین وئێستا ئێمە كە لەخێروخۆشیدا دەژین خەباتی ڕابردوومان لەیاد نەچێت، خەباتی بارزانیی نەمر و شەهید ئیدریس و شەهیدانی دیكەی كوردستان كە خەونیان بەڕۆژێكی وا دەبینی ئەوان نەیاندی ئێمە بینیمیان،ئەوان قوربانییان دا بارزانیی نەمر لەحاڵەتێكدا كۆچی دوایی كرد كە میللەتەكەی لە دەربەدەریدا بوو بۆیە پێویستە بەپیر هەڵبژاردنەوە بچین و هەمیشە وابكەین حزبەكەمان بەئەركێكی زۆر و بەمافێكی ئەگەر كەمیش بێت بۆ بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كوردستان لەپێشكەوتندابێت.
محەمەد زەنگەنە




