بە هۆی پەكەكەوە، دوو فڕۆكەی جەنگیی توركیا سنووری سیدەكانیان بۆردوومان كرد

سۆران-KDP.info- كەمێك پێش ئێستا، لەبەر هەبوونی بارەگاكانی پەكەكە، دوو فڕۆكەی جەنگیی توركیا سنووری سیدەكانیان بۆردوومان كرد و، 50 هاووڵاتی بوونە قوربانی و 115 گوندیش چۆڵ كران.
(ئیحسان چەلەبی) بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ئەمشەو دوو فڕۆكەی جەنگیی توركیا، لێلكان و هەندی گوند و ئاوایی سیدەكانیان بۆردوومان كرد، ئەو شوێنانەیش تەنیا پەكەكەیان لێیە، بۆیە زیانی گیانی و ماددی نەبووە، بەڵام بۆردوومانەكە نزیك گوندەكانی سیران، خەلیفان بوو، لەگەڵ ئەوەیشدا ترس و دڵەڕاوكێ لای دانیشتووانی ناوچەكە دروست بووە و هەست بە مەترسی دەكەن".
(چەلەبی) گوتیشی، "شاردەێی سیدەكان 262 گوند لە خۆ دەگرێت، لەبەر پەكەكە 115 گوند ئاوەدان نەكراونەتەوە، هەروەها بە هۆی پەكەكەوە زیاتر لە 50 هاووڵاتی بوونەتە قوربانی، هاووڵاتیانی ناوچەكە بەردەوام داوا دەكەن پەكەكە لە دەڤەرەكە نەمێنێت، چونكە توركیا لەبەر پەكەكە ناوچەكە بۆردوومان دەكات، هەر كاتێكیش توركیا ناوچەكە بۆردوومان بكات، لە ترسی فڕۆكەكان دێنە ناو گوندەكان، بەوەیش هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە تووشی زیانی گیانی و ماددی دەبنەوە".
شارەدێی سیدەكان، سەر بە شارۆچكەی سۆرانە و بە گەورەترین شارەدێی سنووری پارێزگای هەولێر دادەنرێت و دەكەوێتە سێگۆشەی هەرێمی كوردستان و باكوور و رۆژهەڵاتی كوردستان، كە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران و توركیادا.
رابین شێروانی




