سەرۆك بارزانی بۆ وەزیری دەرەوەی توركیا: بڕیاری گەلی كوردستان، مافێكی دیموكراتی، ئاشتیانە و سرووشتییە

هەولێر-KDP.info- (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی چوارشەممە 23ـی 8ـی 2017 لە سەڵاحەددین پێشوازی لە (مەولوود چاوشئۆغلو) وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی توركیا سڵاوی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەی بە (سەرۆك بارزانی) گەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی گرینگی پێشمەرگە لە تێكشكاندنی داعش، پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی لە بەرانبەر تیرۆریستان لە (سەرۆك بارزانی) كرد و لە گوتەیەكدا باسی لەو دۆستایەتی و پەیوەندییە باشە كرد كە لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستاندا هەیە وپەیوەست بە پرسی ڕیفراندۆمیش جەختی لەوە كردەوە كە، وڵاتەكەی بڕوای بە مافەكانی گەلی كوردستان هەیە و لە ئێش و ئازارەكانی دەگات، بەڵام وای بۆ دەچێ كە ڕیفراندۆم لەو كاتەدا ڕەنگە كێشەی لێ بكەوێتەوە و سەقامگیریی ناوچەكە بشێوێنێ و نیگەرانییەكانی توركیای لەو بارەیەوە بە (سەرۆك بارزانی) گەیاند و ئەوەیشی خستە ڕوو كە، وڵاتەكەی ئامادەیە بەشدار بێت لە هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
لە بەرانبەردا، (سەرۆك بارزانی) سوپاسی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی توركیای كرد و هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی توركیا بۆ پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش.
لەبارەی پرسی ڕیفراندۆمیشەوە، (سەرۆك بارزانی) لە گفتگۆیەكی ڕاشكاوانەدا ئەو هۆكارانەی شی كردەوە كە وای لە گەلی كوردستان كردووە بڕیاری ڕیفراندۆم و هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی بدات. (سەرۆك بارزانی) ڕۆشنایی خستە سەر مێژووی پڕ لە نەهامەتیی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و ئەوەی دووپات كردەوە كە، وێڕای بوونی زوڵم و ئەنفال و جینۆساید، گەلی كوردستان بڕیاری دا لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبداتەوە و لە دوای 2003 هەموو هەوڵی خۆی دا كە عێراقێكی تازە لەسەر بنەمای شەراكەت و دەستوور و تەوافووق دابمەزرێت، بەڵام شەراكەت و دەستوور و تەوافووق پێشێل كرا و دواجار گەلی كوردستان لە دەوڵەتی عێراق نائومێد بووە و نایەوێ بە هیچ شێوەیەك ئەزموونە تاڵەكانی ڕابردوو دووبارە بكاتەوە و گەلی كوردستانیش بەرپرس نەبووە لەو دۆخەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە، بەڵكو سیاسەت و هەڵەی حكوومەتەكانی عێراق هۆكارن.
(سەرۆك بارزانی) ڕایشیگەیاند كە بڕیاری گەلی كوردستان مافێكی دیموكراتی و ئاشتیانە و سرووشتییە و هۆكارێك دەبێت بۆ ڕێگەگرتن لە ناسەقامگیری و شەڕ و بۆ ئەوە دەبێت كە مادام شەراكەت شكستی هێنا دەكرێ وەك دوو جیرانی باش لەگەڵ یەكتردا بژیین. (سەرۆك بارزانی) جەختی لەوەیش كردەوە كە، ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو پێشانی داوە كە كوردستان فاكتەری سەقامگیرییە و سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكە لە بۆ گەلی كوردستان گرینگە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا بڕیاریان دا كە لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا بن.




