٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێران؛ دەبێ لە بانگەشەی ڕیفراندۆمدا ئاسایشی نەتەوەیی لەبەرچاو بگیرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  شرۆڤەکارێکی سیاسی پێی وایە نابێ لە کاتی دەستپێکردنی بانگەشەی ڕیفڕاندۆمدا سنوورەکان ببەزێنرێن و پێویستە ئاسایشی نەتەوەیی لەبەرچاو بگیرێت، ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت، مرۆڤ ئازادە لە بۆچوونی خۆی، بەڵام دەبێ پرسی دەوڵەتبوون لەبەرچاو بگیرێت.

(کارۆخ خۆشناو)، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''یەکێک لە خەسڵەتە گرینگەکانی کۆمەڵگا زیندووەکان بریتییە لە ھەبوونی دەنگ و ڕەنگی جیاواز لە ژێر چەتری یاسادا، بە لەبەرچاوگرتنی ئاسایشی نەتەوەیی. کاتێک سەیری وڵاتانی پێشکەوتوو دەکەین، وێڕای ئەو ھەموو جیاوازییانەی کە لە ھەموو ڕوویەکەوە ھەیانە، کەچی ھەموویان بە یەکەوە بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە چوارچێوەی یاسادا دەژین و جیاوازییەکانیشیان بووەتە ھۆکارێکی بەھێز بۆ داھێنان و پێشکەوتنی بەردەوام. پێویستە ئێمەی کوردیش جیاوازییەکانی یەکترمان قبووڵ بێت (لە ھەموو ڕویەکەوە)، بەڵام لە قۆناغی ئێستادا پێویستە لە کاتی بانگەشەی ڕیفراندۆمدا ھەندێ سنوور نەبەزیندرێن. بە مانایەکی تر، پێویستە ھەردوو بەرەی (بەڵێ و نەخێر) ئاسایشی نەتەوەیی لەبەرچاو بگرن و لە چوارچێوەی یاسادا بانگەشەی ڕیفراندەم بکەن و نابێ بە ھیچ بەھانەیەک سەرپێچیی یاسا بکرێت و سنووری ئاسایشی نەتەوەیی ببەزێنرێت.''

  بڕیارە ڕۆژی ٥ی ئەیلوول ھەڵمەتی بانگەشەکردن بۆ پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم دەست پێ بکات و کۆمسیۆنی سەربەخۆی ڕاپرسی و ھەڵبژاردنەکان کۆمەڵێک بڕیار و ڕێنمایی لەبارەی دەستپێکردنی پڕۆسەکەوە بڵاو کردووەتەوە.

(کاروخ خۆشناو) گۆتی: ''لە ھەموو دنیاشدا لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن، یان ڕیفراندۆمدا، کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای تایبەت بە ئاسایشی نەتەوەیی ھەن، کە ڕێزیان لێ دەگیرێت و پارێزراون. بۆیە ڕێزگرتن لە ئاسایشی نەتەوەیی و یاسا و ڕێساکان ئەرکی ھەموو لایەکە و بە ھۆیەوە دەتوانین پێش بکەوین و سەربەخۆیی بەدەست بێنین و ئەو قۆناغە بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنین.''

لای خۆیشیەوە، (عەدنان ڕێکانی)، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بە باوەڕی ئەو، یەکێک لە بنەماکانی ئازادی ئەوەیە، کە مرۆڤ ئازاد بێت لە دەربڕینی بۆچوونی خۆی، ناشبێت ھەموومان وەک یەک بیر بکەینەوە، ئاساییە کێ لایەنگری چ بەرەیەک دەکات، بەڵام لە پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەکاندا، وەک دروستکردنی دەوڵەت، پێویستە میللەت بڕیاری خۆی بدات و ڕێگری و ئاستەنگی بۆ دروست نەکرێت، لەبەر ئەوە، پێم وایە وەک (سەرۆک بارزانی) فەرمووی: ''ھیچ یەگرتنێک بەزۆر تا سەر نابێت.'' ئێمەش بە ناوی یەکگرتووییی عێراقەوە باج دەدەین، ئەوەش وا دەکات میللەت خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات و لەو باوەڕەدام نابێ ھیچ دروشم و پڕوپاگەندەیەکی وەھا بڵاو بکرێتەوە و ڕێگەی پێ نەدرێت بگاتە ئاستی ئەوەی مەترسی ھەبێت بۆ سەر پڕۆسەکە.''

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار