٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەقشبەندی: پێشمەرگە نەیهێشت حەشدی شەعبی شاندێکی ئەمەریکا بڕفێنێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقاف ئاشکرای کرد، حەشدی شەعبی بەنیاز بووە شاندێکی ئەمریکی بڕفێنێت، بەڵام پێشمەرگە ڕزگاری کردوون و دەڵێت، حەشدی شەعبی ڕێگە نادات دەشتی نەینەوا ئاوەدان بکرێتەوە.

(مەریوان نەقشبەندی)، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەر لە دوو ڕۆژ شاندێکی ئەمریکی کە لە نوێنەرانی کەنیسەکانی ئەمریکا و کەنەدا پێک ھاتبوو، لە ھەرێمی کوردستانەوە دەیانویست سەردانی دەڤەری دەشتی نەینەوا بکەن و لە چوونییەتی گەڕانەوەی ئاوارە کریستیانەکان و ئاوەدانکردنەوەی پەرستگای کریستیانەکان تا ھاوکارییان بکەن بەڕێوەبەری کاروباری ئایینی کریستیانەکانیش لە وەزارەتی ئەوقاف یاوەریی شاندە ئەمریکیەکەی دەکرد، بەڵام لە خالێکی پشکنینی حەشدی شەعبی ھێرشیان کراوەتە سەر.''

بەھۆی شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە، زیاتر لە ١٠٠ شوێنی ئایینی لە دەشتی نەینەوا خاپوور کراون و بڕیارە دووبارە ئاوەدان بکرێنەوە، جگە لە خاپووربوونی ناوچەکە بە دەستی تیرۆریستانی داعش.

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ئەوقاف گۆتیشی: ''حەشدی شەعبی لەو خاڵەی پشکنین کە دەوکەوێتە نێوان ناحیەی بەرتللە و قەزای حەمدانیە، زۆر بێڕێزی بەرامبەر بەو شاندەی ئەمریکا کراوە و نیازی ئەوەیان ھەبوو بیانڕفێنن، بەڵام لەبەر ئەوەی چەند پێشمەرگەیەک ئەرکی پاراستنی شاندەکەیان لە ئەستۆ گرتبوو، ڕێگەیان نەدا حەشدی شەعبی ئەندامانی شاندەکە بڕفێنن و توانیان ڕزگاریان بکەن.''

حەشدی شەعبی لە ٦٨ گرووپ پێک ھاتووە و پابەندی ھیچ یاسا و بڕیارێکی حکوومەت و دەزگە فەرمییەکانی عێراق نین، چەندین جارە کێشە بۆ کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا دروست دەکەن.

(مەریوان نەقشبەندی) ئاماژە بۆ ئەوەش کرد: ''بە هۆی ڕیگرییەکانی حەشدی شەعبی ناتوانرێت وەک پێویست ھاوکاری بگەیەندرێتە دەشتی نەینەوا و خەڵک بگەڕێتەوە، دوای گەڕانەوەی شاندەکەی ئەمریکا سکاڵایان لە وەزارتی ناوخۆی ھەرێم و نووسینگەی (حەیدەر عەبادی) تۆمار کردووە.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار