٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شەھاب: کات بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان کراوە نییە.. لەگەڵ یەکێتیدا كۆك بووین

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info-  (دڵشاد شەهاب) کۆبوونەوەکەی دوێنێی پارتی و یەکێتی بە سەرکەوتوو ناو دەبات و ئاماژە بە کۆکبوونیان لە زۆر پرسدا دەکات و و گوتی، ئەو رێککەوتنە ستراتیژییەی لە ڕابردوودا ھەبووە باشتر دەکرێت، یان بە فۆڕمێکی ترەوە، بۆ باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتیان، ئەم حوکمڕانییە بەڕێوە دەبەن.

"ھەردوولا کۆکن"
(دڵشاد شەهاب) ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی و پەشداربووی کۆبوونەوەکەی دوێنێی نێوان (پارتی و یەکێتی)، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەگەر بە خێراییی بەسەر ھەڵسەنگاندنی قۆناغی ڕابردوودا بچینەوە، ھەرکاتێک پەیوەندیی (یەکێتی و پارتی) باش بووبێت، بە درێژاییی مێژووی ئەم دوو حیزبە، ئارامی و ھێمناییەک لە ھەرێمی کوردستان ھاتووەتە ئاراوە، کە لە دەرەنجامدا ژیان و گوزەرانی خەڵکی و شێوازی حوکمڕانییش باشتر بووە"،  هەر بۆیەشە ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، لە ئێستا ھەردوولا کۆکن لەسەر پاراستنی بارودۆخی کوردستان و دەستکەوتەکانی، هاوکات باشترکردنی نێوانیان بە بەپرسیارەتییان بەرانبەر خەڵک دەزانێت.

"ھەردوو پێشنیازەکەمان پێ باش بوون"
لە ئێستادا دەرفەتێکی مێژوویی بۆ گەلی کوردستان ھاتووەتە ئاراوە، کە لەگەڵ ئەو ھەموو گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن و چاوەڕوان دەکرێـت گۆڕانکاری ڕوو بدات، ئەم ئەندام سەرکردایەتییەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێیوایە، ئەرکی هەردوو لایان جارێکی تر قورستر دەبێتەوە و لە میانەی کۆبوونەوەی نێوانیان دوو پێشنیاز تاوتوو کراون و، گوتی: "لەسەر ئەم بنەمایانە، ھەردوولا کۆک بوون لەوەی، کە دەبێـت ھەر دوولا ڕێککەوتنێکی درووستی مامەڵەییمان ھەبێت، هەروەها لای ھەردوو لامان سەلمێندراوە، کە بەردەوامی بە ڕێککەوتننامەی ستراتیژیی ھاوبەشی نێوانمان دەدەین، یاخوود فۆڕمێکی تری پێوەندی بە شێوازێکی تر لە ڕێککەوتنی تازەدا"، گوتیشی: "ئێمە وەک پارتی ھەردوو پێشنیازەکەمان پێ باش بوون، برادەرانی یەکێتییش پێیان باش بوو".

دوێنێ ٨ـی ٨ـی ،٢٠١٧ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆ بوونەوە، کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، کە باشووری کوردستان نزیک دەبێتەوە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، هاوکات سەردانی شاندی کوردستان بۆ باسکردنی پرسی ریفراندۆم بۆ بەغدا، بۆیە بە گوتەی (دڵشاد شەهاب) لە کۆبوونەوەکەیاندا، بڕیار دراوە بەردەوامی کۆبوونەوەکان ھەبێت.

سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەت دەکەونەخۆ
پێکەوەکارکردنی ئێستایان لە حکوومەتدا، هاوکات باشکردنی دۆخی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی کۆبونەوەکەی دوێنێی (پارتی و یەکێتی) بووە و درووستکردنی لیژنەیەکیش بۆ ئەو مەبەستە خراوەتە بەر باسەوە، (شەهاب) لەوبارەوە گوتی: "بۆ گرینگیدان و باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی، لەسەر پێداویستییەکانیان لەم قۆناغە و ھەڵوەستەکردن لەسەر بژێویی خەڵکیش بڕیار درا، کەوا لیژنەیەکی ھاوبەش لە ھەردوولا پێک‌بھێنرێت و ڕاستەوخۆ سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانیش وەک و دووکەسی مەعنیی یەکەم لە حکوومەتدا، سەرپەشتیی ئەو لیژنەیە بکەن".

دەرفەتێکی تر دراوە، تا ھیچ لایەنێک پەراوێز نەخرێت
پەیوەست بە کاراکردنەوە و دەستبەکاربوونەوەی پەرلەمانیش، (دڵشاد شەھاب) گوتی: "بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، ھەردوولا کۆک بووین لەسەر ئەوەی، کە دەرفەتێکی تری ھەوڵدان بدرێت بۆ ئەوەی کە پەرلەمان دەست بە کارەکانی خۆی، بە بەشداریی سەرجەم لایەنەکان بکاتەوە و، ھیچ لایەنێک پەراوێز نەخرێت،  بیر لەوەش نەکرێـتەوە بەدیل بۆ لایەکی تر بدۆزرێتەوە".

ئەندام سەرکردایەتییەکەی پارتی نایشارێتەوە، کە کاتیان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان دیاریکراوە و کراوە نییە و دەڵێ، "پابەندین بە کاتێکی دیاریکراو، ئەم کاتە کراوە نییە، ئێمە ھەر ڕاوەستین و کات بڕوا"، هۆکاری دیاریکردنی کاتەکەش بۆ بەشداریی ئەو لایەنانەی نێو ئەنجوومەنی باڵای ڕیفرادۆم دەگێڕێتەوە، کە پابەندن بەو کاتەی بۆ ڕیفراندۆم دانراوە، گوتیشی: "ریفراندۆم گەورەترین پرسی چارەنووسسازە".
لە درێژەی لێدوانەکەیدا (دڵشاد شەهاب)، ئەم کۆبوونەوەیەیان لەگەڵ (یەکێتی)ـدا بە جیاوازتر لەگەڵ کۆبوونەوەکانی ڕابردوو  ناو دەبات جەخت دەکاتەوە، "زۆر ڕاشکاوانە ھەموو بابەتێکمان لەگەڵ یەکتری باس کرد، بیروبۆچوونەکانمان لە یەکەوە نزیک بوون، ھەستکردن بە بەرپرسیارەتی لە ھەر کاتیکی تر باشتر بوو"، بۆیە پێیوایە کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو بووە و دەرەنجامی ڕوونتری دەبێـت.

فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار