عیسمەت ڕەجەب: خەڵكی دەشتی نەینەوا بە ئومێدەوە چاوەڕوانی ریفراندۆم دەكەن

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی 14ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ رایگەیاند، خەڵكی دەشتی نەینەوا خۆشحاڵن بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ناوچەكانیان و، داوایش دەكەن دەشتی نەینەوا ببێتە پارێزگایەك و سەر بە هەرێمی كوردستان بێت.
(عیسمەت ڕەجەب)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "خەڵكی دەشتی نەینەوا پێش هاتنی داعش بۆ ئەو شوێنانە داوایان دەكرد كە ئەو ناوچەیە ببێتە پارێزگایەك و سەر بە هەرێمی كوردستان بێت، ئێستایش پاش ئازادكردنی ئەو ناوچانە و گەڕانەوەی خەڵك بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، دووبارە داوا دەكەنەوە دەشتی نەینەوا ببێتە پارێزگایەك كە لە هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان پێك دێت، بەشدار بن لە ریفراندۆم و چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن و بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان".
(ڕەجەب) گوتیشی: "پاش ئەوەی مووسڵ ڕزگار كرا، ناوچەكە زیاتر ئارامی بە خۆیەوە بینیوە، بە تایبەتی ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەدان زیاتر ئەمن و ئاسایشیان تێدایە، هەر لەبەر ئەوەیش سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا خەڵكی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، تا ئێستایش ژمارەیەكی زۆر گەڕاونەتەوە و رۆژانەیش گەڕانەوەی خەڵك بەردەوامە".
بەرپرسی لقی 14ـی پارتی ئەوەیشی گوت: "ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی داعشدا بوون، كاول بوون و تاڵانیش كراون".
ڕابین شێروانی




