٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ داوای دەستبەجێ کشانەوەی حەشدی شەعبی دەکات

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- سەرۆکی لیستی برایەتی و پێکەوەژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ گوتی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باس لەوە کرا، کە پێویستە ئەو حەشدانەی لە لایەن پەرلەمانتارانەوە دروست کراون، بخرێنە سەر ھێزەکانی پۆلیس و ھێزەکانی سوپای عێراقیش بچنە دەرەوەی شار و دەستبەجێ حەشدی شەعبیش لە سنووری مووسڵ نەمینێت.

لە ١٧ /١٠/٢٠١٦دا پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵ دەستی پێ کرد و لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا سەرۆکوەزیران ڕزگارکردنی تەواوی مووسڵی ڕاگەیاند، سەرەتا ھێزی پێشمەرگە دەستی بە پرۆسەکە کرد و چەندین ناوچەی گرینگی سنووری مووسڵی ڕزگار کرد و لە مووسڵ نیزیک بوونەوە، دواتر ھێزە عێراقییەکان پرۆسەکەیان ئەنجام دا و ھەر لە سەرەتاوە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ بەشداریی حەشدی شەعبیی ڕەت کردەوە، چونکە ترسیان ھەبوو لە ئەنجامدانی پێشێلکاری، بەڵام لە باشووری مووسڵ بەشداری لەو پرۆسەیەدا کرد و چەندین خرووقاتیان ئەنجام دا و چەندین ھاووڵاتیی سڤیلیشیان کوشت، کە ئەمەش لە لایەن ڕێکخراوی ھیومانڕایتس وۆچەوە پشتڕاست کرایەوە.

دوێنێیش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد، کە حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای مووسڵ چەندین پێشێلکاریی ئەنجام داوە.
ئەمڕۆش، سەرۆکی لیستی برایەتی و پێکەوەژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، (سەیدۆ چەتۆ) زانیاریی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دا، کە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ کۆ بووەوە و داوای دەستبەجێ کشانەوەی حەشدی شەعبی لە مووسڵ دەکات.

(سەیدۆ چەتۆ) زانیاریی زیاتری دا و گوتی: ''ئەمڕۆ، ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ کۆ بووەوە و تێیدا چەند تەوەرێکی گرینگ باس کران، لەوانە ڕزگارکردنی مووسڵ بە تەواوی و گەڕانەوەی ئەمن و ئەمان بۆ مووسڵ لە دوای داعش، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوبەری پۆلیسی مووسڵ میوانداری کرابوو.''

(سەیدۆ چەتۆ)  گوتی: ''ھەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باس لەوە کرا، کە ئەو حەشدانەی لە لایەن پەرلەمانتارانی مووسڵەوە دروست کراون، پێویستە بخرێنە سەر ھێزەکانی پۆلیسی مووسڵ، یان لەژێر سەرپەرشتیی ئەواندا بن و ناکرێت ئەوان لە مووسڵدا ھێزێکی جیا بن، لەبەر ئەوەی کێشە دروست دەکەن.''

سەرۆکی لیستی برایەتی و پێکەوە ژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ ڕوونیشی کردەوە: ''پێویستە لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ سوپای عێراق بچێتە دەروروبەری مووسڵ و حەشدی شەعبیش، کە ئێمە ھەر لەسەرتاوە ڕەتمان کردووەتەوە و ئێستاش پێویستە لە سنووری مووسڵ نەمینێت و بگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار