یونیسێف: شەڕی داعش دڕندانەترین شەڕی مێژووی هاوچەرخە

ڕۆیتەرز-KDP.info- ڕێكخراوی یونیسێف، شەڕی داعشی بە دڕندانەترین شەڕ لە مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتیدا پێناسە كرد.
لە بەیاننامەیەكدا، سندووقی هاوكاریی منداڵان لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (یونیسێف) وێڕای ئاماژەدان بە زیاتر لە پێنج ملیۆن منداڵی ئاوارەی ناوچە جیاكانی عێراق كە پێویستیان بە هاوكاری و فریاگوزارییە، ڕایگەیاندووە كە شەڕی داعش یەكێك لە دڕندانەترین شەڕەكانە و منداڵان ڕۆژانە بەرەوڕووی ترس و تۆقاندن و توندوتیژی دەبنەوە.
ڕۆیتەرز، بەیاننامەكەی یونیسێفی بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا باس لە ڕەوشی منداڵان لە شەڕدا دەكات، بە تایبەت شەڕی مووسڵ كە منداڵان بە ئەنقەست دەكرێنە ئامانجی هێرشەكان و لەلایەن داعشەوە دەكوژرێن وەك سزادانی خێزانەكانیان و ڕێگریكردن لە هەڵاتنیان.
بە گوێرەی پێشبینیی ڕێكخراوەكەی یوئین، زیاتر لە 100 هەزار هاووڵاتیی سڤیل لە بەری ڕاستی موسڵ گیریان خواردووە كە نیوەی ئەو ژمارەیە منداڵانن.




