٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

نوێنەرێكی كریستیانەكان: بزووتنەوەی بابیلۆن دارودەستەی مالیكین

سەرچاوە: KDP.info
مالیکی، رەییان کلدانی، ئەمینداری بزووتنەوەی بابیلۆن کە کەتیبەی بابیلۆنیان لە نێو ڕیزەکانی حەشدی‌شەعبیدا هەیە، خەڵات دەکات.

 

هەولێر-KDP.info-  نوێنەرێكی كریستیانەكان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، بزووتنەوەی بابیلۆن سەر بە (نووری مالیكی) و حەشدی شەعبییە و بە هیچ شێوەیەك نوێنەرایەتیی كریستیانەكان ناكات. دەشڵێ، حەشدی شەعبی چەندین تاوانی دژی كریستیانەكان ئەنجام داوە و لە هەر شوێنێك پێشمەرگەی تێدا بێت، كریستیانەكان بە ئارامی دەژین.

(وەحیدە یاقوو) نوێنەری كریستیەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بزووتنەوەی بابیلۆن كە ماوەیەكە دژی هەرێمی كوردستان و بە ناوی كریستیەكانی دەشتی نەینەواوە لێدوان دەدات، بە هیچ شێوەیەك نوێنەرایەتیی گەلانی كلد ئاشوور كریستیانەكان ناكات و تەنیا گرووپێكن سەر بە حەشدی شەعبی و (نووری مالیكی)ـن، ئەوان بۆ بەرژەوەندیی پارە و ماددی چوونەتە ریزی حەشدی شەعبییەوە و كەس ئەوان بە نوێنەری خۆیان نازانێت، چونكە كریستیانەكان هەموویان ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە و بۆچوونیان وایە چارەنووسیان بەندە بە چارەنووسی خەڵكی كوردستانەوە، ئەگەر بزووتنەوەی بابیلۆن راست دەكەن لەگەڵ بەغدا، بۆچی خەڵكی كریستیان ئاوارەی ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی بەغدا نەدەبوون و هەموویان روویان كردە هەرێمی كوردستان؟".
ئەو نوێنەرەی كریستیانەكان ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، "ئێمە بەردەوام سەردانی ناوچە ئازادكراوەكانی دەشتی نەینەوا دەكەین و خەڵكی خۆمان بەسەر دەكەینەوە، لە هەر شوێنێك هێزی پێشمەرگەی تێدا بێت ئاوارە كریستیانەكان گەڕاونەتەوە و نزیكە بڵێم لەو ناوچانەی پێشمەرگە دەیانپارێزێت هەموو كریستیانەكان گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان".
(یاقوو) گوتیشی، "دەبێ لە بزووتنەوەی بابیلۆن بپرسین، كام ناوچەی دەشتی نەینەوا هەیە هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی ئازادیان كردبێت و یەك كریستیان بتوانێت بگەڕێتەوە؟، خۆ كارەسات هەر ئەوە نەبوو داعش بەسەر خەڵكی ئێمەی هێنا، بەڵكوو كارەسات هێشتا بەردەوامە و حەشدی شەعبی رێگە نادات ئاوارە كریستیانەكان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و، ئەوەیشی گەڕابێتەوە بێ ئەزیەت نەبووە و چەندین تاوان دژی كریستیان و پێكهاتەكانی دیكە لەلایەن حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكانەوە ئەنجام دراون، نموونەیەكمان لە بەردەستە و لە شارۆچكەی حەمدانیە یەك خێزان نەگەڕاوەتەوە و رێگەیش نادرێت كەس بگەڕێتەوە".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار