د. فوئاد ئەحمەد بابان: لەگەڵ عێراقدا هیچ چارەیەکمان نییە، سەربەخۆیی نەبێ

ههولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە گرینگی دەزانێ خەڵک هۆشیار بکرێنەوە تا بە فراوانی دەنگ بۆ سەربەخۆییەکەیان بدەن.
(د.فوئاد ئەحمەد بابان) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ڕیفراندۆم بۆ ئەم دۆخەی کوردستان چاکترین رێبازە، بۆ ئەوەی بتوانێت چارەنووسی خۆی دیاری بکات، ئەوەشی پێویستە کورد لەم قۆناغە یەکڕیزی بپارێزرێت و هەوڵ بدرێت هەموو چینەکانی کۆمەڵگا بەشداری بکەن و، هەڵمەتێکی گەورەی راگەیاندن و جەماوەریانە بەرپار بکرێت بۆ ئەوەی سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنرێت، چونکە جگە لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هیچ چارەیەکمان لەگەڵ ئەم عێراقە نییە".
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی یەکێتی گوتیشی: "(بارزانی) و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدەن، رەزامەندیی بەغدا بۆ ئەم پرسە گرینگە وەربگرن، بۆ ئەوەی گرفت بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دروست نەبێت، هەڵبەت ئەو ناوچانەی لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن ناوچەی زۆر گرینگن و ٤٨%ـی خاکی باشووری کوردستان پێکدەهێنن، بۆ ئەمەش پێویستی بە کۆکردنەوەی زانیاری و سەرژمێری دەبێت، بۆ ئەم بەشدارییەش بێ ڕازیکردنی بەغدا ئاسان نابێ، ڕەزامەندیی بەغدا کەمبوونەوەی دەستوەردانی دەرەوەش دەگەیەنێ ".
(د.فوئاد ئەحمەد بابان) یەکدەنگیی کورد بە بەردی بناغەی راپرسی دەزانێ و دەڵێ، "ئێمە چەکی گەورەمان یەکدەنگییە، ئەم بۆچوونەیشی کە هەیە لە سلێمانی کاریگەری هەبووە لەوەی هەندێک خەڵک دوودڵ بن، بۆیە دەبێت پەلە بکرێت لە پەیوەندی بەو لایەنانەوە کە مەرجیان هەیە یان دژی ریفراندۆمن، چونکە شەرمەزاییە ئێمە ئەم هەموو مەینەتیەمان بەسەر هاتووە، پێمان بڵێن کوردستانتان دەوێت یان عێراقێک کە سەد ساڵە دەتانچەوسێنێتەوە ئەمە نامەنتقییە."
کارزان سەباح هەورامی




