٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

مووسڵ.. داعش نزیکەی ٩٠ھەزار خەڵک وەکو درع بەکار دێنێت

سەرچاوە: KDP.info
 
 
مووسڵ-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ده‌ڵێ، لەئێستادا کەمتر لە٥%ی خاکی مووسڵ لەلای ڕاست لەدەستی داعش ماوە و ھۆکاری دواکەوتنی رزگارکردنی مووسڵیش بۆ دوو ئەگەر دەگەرێتەوە، یەکەمیان گەڕەکەکان کۆنن و کۆڵانەکانی تەسکن، دووەمیش داعش نزیکەی٩٠ھەزار کەسی گەمارۆداوە و وەکو درع بەکاریان دەھێنێت، بۆیەش پێشرەویەکان بەخاوی بەرێوەدەچن.
 
(ھاشم بریفکانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لەئێستادا شەڕ لەگەڕەکی شیفا لەلای ڕاستی شاری مووسڵ بەردەوامە و٤٠% ئەو گەڕەکە ڕزگارکراوە، دواتر نزیکەی حەوت گەڕەک دەمێنێت کە ڕوبەرەکەی نزیکەی ٦کم دەبێت، بەڵام ئەو گەڕەکانە کە بەمووسڵی کۆن ناسراوە خانووەکانی زۆر کۆنن و گەڕەکەکانیشی زۆر تەسکن، بۆیە شەڕکردن لەو گەڕەکانە زۆر زەحمەتە.
 
(بریفکانی) گوتیشی، "جگەلەوەش داعش نزیکەی٩٠ھەزار کەسی گەمارۆ داوە و وەکو درع بۆخۆی بەکاریان دێنێت و ڕێگەنادات ڕابکەن، ئەمەش بۆ ئەوەی ھێزە عێراقیەکان نەتوانن پێشڕەوی بکەن، بۆیە ڕەنگە تادوای جەژنی رەمەزان نەتوانن مووسڵ بەتەواوەتی ڕزگار بکەن.
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ده‌شڵێ، "ھەر یەکە لە گەڕەکەکانی فارووق و سادە و ساعە و بابلتۆپ و حافیزە و مەیدان بابولسیج ماوە، کە دەکاتە کەمتر لە٥%مووسڵ لەدەستی داعش ماون و نزیکەی ٥٠٠بۆ٧٠٠ تیرۆریستی داعش لەناو مووسڵ ماون کە زۆرینەشی بیانی و خۆکوژن، بۆیە تاوەکو نەکوژرێن ناتوانن ڕابکەن، چونکە گەمارۆ دراون.
 
 
بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار