لە هێرشەکەی سەر پەرلەمان و گۆڕەکەی ئایەتوڵڵا خومەینی، کوژراو هەن

تاران-KDP.info- چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر باڵاخانەی پەرلەمانی ئێران و، هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا، خۆکوژێک لە سەر قەبرەکەی (ئایەتوڵڵا خومەینی) رابەری شۆڕشی کۆماری ئیسلامی خۆی تەقاندەوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە زاری بەرپرسی پیوەندییە گشتییەکانی مەزاری (خومەینی) بڵاوی کردووەتەوە، چەکدارێک لە دەرگای ڕۆژئاوای مەزارەکەوە چووەتە ژوورەوە و تەقەی کردووە، پێش ئەوەی خۆی بتەقێنێتەوە.
ئاژانسی ئیسنایش دەڵێ، کەسێک کوژراوە، بەڵام ڕوون نەکراوەتەوە کە کوژراوەکە هەمان کەسی خۆکوژە یان یەکێکی دیکەیە.
بەگوێرەی دوازانیاریی سەرچاوەکانی هەواڵ، لەو هێرشانەی سەر پەرلەمان و نەزاری (ئایەتوڵلا خومەینی)، تا ئەم ساتە ٨ کەس کوژراون و، چەند چەکدارێکیش لە نێو پەرلەماندا ماون و بارمتەشیان لەبەر دەستن.
مەزاری (ئایەتوڵلا خومەینی) ٢٠ کم لە باڵاخانەی پەرلەمانەوە دوورە.
پەرلەمانتارێک گوتوویەتی، ٣ چەکدار کە کڵاشنیکۆف و دەمانچەیان پێ بووە، لە دەرگای باکوورییەوە چوونەتە نێو باڵاخانەی پەرلەمانەوە.




