٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

مالیکی: خۆم بۆ سەرۆکوەزیرانی کاندید ناکەمەوە.. ئێران وا لاواز نییە، شەڕی بۆ بگوێزرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی کوتلەی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید ناکاتەوە و دەشڵێ، ئێران وا لاواز نییە، نە سعوودیایش هێندە بەهێزە، نە وڵاتانی بەشدار لە لوتکەیە ڕیازیش بۆ شەڕکردن دژ بە ئێران لە بن باڵی سعوودیا دەڕۆن. 

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی الاخباری نزیک لە حزبوڵڵا، (نووری مالیکی) سەرۆکی کوتلەی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق ڕایگەیاند، ئەو لایەنانەی کە دڵنیان لە سەرکەوتن و بردنەوەی لایەنێکی ئیسلامی لە هەڵبژاردنەکان، دەیانەوێت ئەو پڕۆسەیە دوابخەن کە ئەوەش لە بەرژەوەندیی وڵاتانی وەک ئەمریکا و بەریتانیایە.

(مالیکی)، وێڕای ڕەخنە لە حکوومەتی بەغدا بە سەرۆکایەتیی (حەیدەر عەبادی) وەک یەکێک لە لاوازترین حکوومەتەکانی ناوچەکە، هۆشداریی ئەوەی دا کە مەبەست لە دواخستنی هەڵبژاردنەکان، بەرەنگاربوونەوەی حزبەکەی واتە حزبی دەعوەیە.
هاوکات هۆشداری دا لەوەی، ڕەنگە بە هۆی لاوازیی بابەتی ئەمنییەوە، ناوچەگەلێکی باشووری عێراق لەدەست بدات.

ناوبراو لەو دیمانەیەدا ڕەتی کردەوە کە جارێکی دیکە خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کاندید بکات، بەڵام پێداگر بوو لەسەر ئەوەی کە لە گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتدا دەمێنێتەوە.

دەربارەی لوتکەی ریاز و سەردانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سعوودیا، (مالیکی) گوتی، لوتکەی ڕیاز دەبێ وەها بخوێندرێتەوە کە داخۆ لە بەرژەوەندیی کێدایە، کێیش دۆڕاو؟، ئیسڕایل براوەیە.. دووەم براوەیش ئەمەریکایە، کە وەبەرهێنانی بەدەست هێنا، پارەی بەدەست هێنا، گرێبەستگەلی کردن، وەک ئەوەی (ترەمپ) گوتی ئامادەییەکی بەهێز.
هەر لەو دیمانەیەی ڕۆژنامە لوبنانییەکە، لەبارەی ئێرانەوە (مالیکی) دەڵێ،  سعوودیا لە ڕووی مێدیاییەوە بردوویەتییەوە، هەڵبەت بێئەوەی دەستکەوتی ڕاستینە بەدەست بێنێ و زیاتر لەوبارەوە دوا و گوتی "سعوودیاییەکان بە شێوەیەکی هەڵچوونی ئاشکرا و توند و ڕقاوی بیر دەکەنەوە. ئێران و هاوپەیمانانیان بەئامانج گرتوون. بەلایانەوە وایە، هێز کۆ دەکەنەوە بۆ لێدانی ئێران، جەنگ بگوێزنەوە بۆ (وەک ئەوەی جێنشینی سعوودیا، شازادە بن سەلمان) دەڵێ، نێو جەرگەی ئێران. بەڵام ئێران بەمشێوەیەیە لاواز نییە، نە سعوودیایش هێندە بەهێزە، نە وڵاتانی بەشدار لەو لوتکەیەش بۆ شەڕکردن دژ بە ئێران لە بن باڵی سعوودیا دەڕۆن. ئەمە بەو واتایەیە، لە کۆتاییدا سعوودیا زەرەرمەندی یەکەم دەبێ و، باجی گەورەی بۆ دەدات."


 

هەواڵی پەیوەندیدار