''پەکەکە بە ناوی سەیران منداڵانی ھەڵەبجەی بۆ قەندیل رفاندوون''
_-_Copy__2017_04_02_h15m1s42__HK.jpg)
هەڵەبجە-KDP.info- بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لە پارێزگای ھەڵەبجە ئاشکرای کرد، لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف ھەماھەنگییان کردووە، بۆ ئەوەی پەکەکە ڕێ بدات، دایک و باوکی ئەو منداڵانەی لە ھەڵەبجە ڕفێندراون، چاویان بە منداڵەکانیان بکەوێت و دەشڵێت، چەندین خێزان لە نووسینگەی مافی مرۆڤ سکاڵایان تۆمار کردووە و داوای منداڵەکانیان دەکەن.
(گوڵستان محەمەد)، بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لە ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ئەوەی ژمارەیەک خێزانی سنووری ھەڵەبجە دەربارەی ونبوونی منداڵەکانیان لای ئێمە سکاڵایان تۆمار کرد، ئێمەش بە ھەماھەنگیی ڕێکخراوی یونسێف دەستمان بە بەدواداچوون کرد و بۆمان دەرکەوت، ئەو منداڵانەی ھەڵەبجە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بردراون و بەشێکیان لەلایەن پەکەکەوە بردراون بۆ قەندیل. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، پەکەکە بە دوو ڕێدا ئەو منداڵانەی بردووە؛ ژمارەیەکیان لەلایەن ڕێکخستنەکانی پەکەکەوە لە ھەڵەبجە ھەڵخەلەتێندراون و بەشێکی دیکەیشیان بە ناوی گەشت و سەیران بردراون و نەگەڕاونەتەوە.''
بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لە ھەڵەبجە گوتی: ''ئەو خێزانانەی منداڵەکانیان لای پەکەکەیە، داوا دەکەن منداڵەکانیان ببینن، ئێمە لەگەل ڕێکخراوی یونسێف ھەماھەنگیمان کردووە، بۆ ئەوەی پەکەکە ڕازی بێت، دایک و باوکی منداڵەکان بتوانن چاویان بە منداڵەکانیان بکەوێت، بەڵام ڕێکخراوی یونسێف پێیان ڕاگەیاندین، ئێمە خۆمان لە پێوەندیگرتنی ڕاستەوخۆ بە پەکەکەوە بەدوور بگرین. ڕێکخراوی یونسێف، خۆی دانوستانی لەگەل پەکەکە کردووە و ھەوڵەکانمان بەردەوامن، تا پەکەکە بەو داوایەی دایک و باوکی منداڵەکان ڕازی بێت.''
دەربارەی وەرگرتنەوەی منداڵەکان لەڕێی یاساوە، (گۆلستان محەمەد) گوتی: ''ئێمە، وەک نووسینگەی مافی مرۆڤ لە ھەڵەبجە، سکاڵای ھەموو ئەو خێزانانەمان بۆ دەستەی گشتیی مافی مرۆڤ بەرز کردووەتەوە، تا ئەوان لە دەستە کاری لەسەر بکەن و هەوڵ بدرێت، ھەرمنداڵێکی خوار تەمەن ١٨ ساڵی بگەڕێنەوە بۆ نێو خێزانەکانیان، چونکە لەڕووی یاسایییەوە نابێ منداڵ لەنێو ھیچ حزب و تاقمێکی سیاسی و چەکداریدا، چەکدار بکرێت.''
قائید میرۆ




