غەزوان حامد: داوای ڕاپرسیمان کردووە تا ناوچە شەبەکنشینەکان بگەڕێنەوە سەر هەرێم

هەولێر-KDP.info- نوێنەری کوردانی شەبەک لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ گوتی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)دا داوامان کرد، ڕاپرسییەک بکرێت بۆ ئەوەی کوردانی شەبەک ڕای خۆیان دەربارەی ناوچەکانی شەبەک دیاری بکەن، چونکە چارەنووسی ئێمە بە ھەرێمی کوردستانەوە بەندە.
لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ نوێنەرانی پێكهاتەی مەسیحی و ئێزدی و توركمان و شەبەك و عەرەبی پارێزگای مووسڵ تێبینی و پێشنیازەكانی خۆیان لەبارەی بارودۆخی پارێزگای نەینەواوە دایە (سەرۆک بارزانی) و سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی (سەرۆك بارزانی)ـیان كرد لە سەركردایەتیكردنی شەڕی دژی داعش. هەروەها ستاییشی ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی)ـیان كرد لە جێگیركردنی مافی پێكهاتەكان و پاراستنیان.
نوێنەری کوردانی شەبەک لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، (غەزوان حامد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە کۆبوونەوەکەدا (سەرۆک بارزانی) پێی گوتین، ئیوە لە مووسڵ لایەنی شەرعین و ھەموو کارەکان لەدەست ئێوەدایە و پێویستە چارەنووسی دەشتی نەینەوا و مووسڵ لە دەستی خەڵکی ناوچەکەدا بێت و خۆیان بڕیار دەربارەی چارەنووسی خۆیان بدەن و کەس، خۆی بە سەریاندا فەرز نەکات.''
نوێنەری کوردانی شەبەک ڕوونی کردەوە: ''من داوام کرد ئاسانکاری بۆ ھاتوچۆی کوردانی شەبەک بۆ مووسڵ بکرێت، لەبەر ئەوەی بەشێک لە ناوچەکانی ئێمە لە دەستی سوپای عێراقدان و جگە لەوەش داوامان کرد ڕاپرسییەک بکرێت و خەڵک ڕای خۆی بدات، کە لەگەڵ ھەرێم بێت یان مووسڵ و ئەمە یەکلایی بکرێتەوە. چونکە ئێستا دۆخمان باش نییە و سەرۆک لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، پێویستە ئێوە، خۆتان بڕیار لە چارەنووسی خۆتان بدەن.''
(غەزوان داوودی) گوتی: ''دەربارەی بوونی پەکەکە لە شنگال قسە کرا و باس لەوە کرا، کە پێویستە پەکەکە لە شنگال نەمینێت و پێشتریش ئێمە ئەو داواکارییەمان کردبوو، چونکە ناکرێت پەکەکە لە شنگال بمینێت.''
نوێنەری کوردانی شەبەک لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ گوتیشی: ''پێشتر، ١١ ساڵ پێشمەرگە ناوچەکانی ئێمەی پاراستووە و چارەنووسی ئێمە بە ھەرێمی کوردستانەوە گرێ دراوە و ئێستا ترسمان لە داھاتووی ئەو ناوچانە هەیە، کە لەژێر دەستەڵاتی پێشمەرگەدا نین، بۆیە پێویستە خەڵکی ئەوناوچانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش داوامان كردووە کە ھەرێم لەگەڵ بەغدا قسە بکات.''
بڵند ئیبراھیم




