لە ساڵیادی لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەمەددا ڕێز لە هەڤاڵانی (بارزانیی نەمر) گیرا

سۆران-KDP.info- بەبۆنەی ساڵیادی لەسێدارەدرانی پێشەوا (قازی محەمەد)ەوە، سەنتەری زانایان بۆ چالاكیی ئایینی، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی سیاسی و ئیداری و زانایانی ئایینی، مەڕاسیمێکی ڕێزگرتنی، بۆ ئەو مامۆستا ئایینییانەی هەڤاڵ و دۆستی (بارزانیی نەمر) بوونە، ساز كرد.
(وەیسی سەعید)، بەرپرسی سەنتەری زانایان، لە ساڵیادی لەسێدارەدرانی (قازی محەمەد)دا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، هەرچەندە دوژمنانی كورد توانیان كۆماری كوردستان لەناو بەرن و (قازی محەمەد) لەسێدارە بدەن، بەڵام ئیرادەی گەلی كورد بۆ ئازادیخوازی بەهێز تر بوو. (وەیسی سەعید) تیشكی خستەسەر ڕۆڵی دیاری (بارزانیی نەمر) لە خزمەتكردنی ئایینی ئیسلام و زانایانی ئایینیدا و، دامەزراندنی یەكێتیی زانایانیشی بە نموونەیەكی زیندوو دانا.
دواتر هەریەك لە (د. عەبدوڵڵا مەلا سەعید)، سەرۆكی یەكێتیی زانایان و (عەلی عەونی)، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی، تیشكیان خستە سەر دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد و ئاماژەیان بە ڕۆڵی دیاری (مەلا مستەفا بارزانی) كرد، لە بەرگری و پاراستنی كۆمارەكەدا و تیشكیان خستە سەر خەبات و تێكۆشانی پر بەخششی (بارزانیی نەمر)، كە بەبێ جیاوازیی ئایین و نەتەوە و مەزهەب ڕابەرایەتیی گەورەترین شۆڕشی كردووە و ئەمەش وای كردووە، کە ببێتە هێمایەك بۆ ئازادی و پێكەوەژیان. هەروەها ئاماژەشیان بە تێروانینی (بارزانیی نەمر) بۆ ڕۆل و پێگەی مامۆستایانی ئایینی دا، كە هەمیشە جێگای ڕێز بوونە و جەختیشیان لەسەر ڕۆلی دیاری مامۆستایانی ئایینی لە قوتابخانەكانی شۆڕش و خەباتدا كردەوە و هیوایان خواست چۆن لە ڕابردوودا ڕۆڵیان هەبووە، لە ئایندەشدا هەمان ڕۆڵی نەتەوەیی بگێرن.
دواتر بەشداربووانی مەڕاسیمەكە خۆشحاڵی و سوپاسی خۆیان ئاراستەی لایەنە پێوەندیدارەكان كرد بۆ ئەم ڕێزگرتنە و بە نیشانەی وەفاداریی ڕێبوارانی ڕێبازی (بارزانیی نەمر)یان بەرامبەر بە زانایانی ئایینی دانا و، پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی (سەرۆك بارزانی) بەرەو سەربەخۆییی كوردستان دووپات کردەوە و، لە كۆتاییدا ڕێز لە ژمارەیەك مامۆستای ئایینی نرا.
ڕابین شێروانی




